رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، بەهۆی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی چاکسازییەکانی کۆمپانیای داناگاز، هەناردەی گاز بۆ نیوە کەمدەکات و بە ئەمەش بڕی 1070 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەردوو وەزارەتەکە، بڕیارە کاژێر 12ـی ئەمشەو بۆ ماوەی چوار رۆژ، کۆمپانیای دانەگاز دەست بە قۆناخی دووەمی چاکسازییەکانی بکات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەناردەی گاز لە 520 ملیۆن پێ سێجا بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەم دەکات، بە ئەمەش بڕی 1070 مێگاوات کارەبا کەم دەکات."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە لەسەر پێدانی کارەبای نیشتمانی، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان دڵنیایی دەدەن و دەڵێن: "لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لە سەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بە غازی شلی ماڵان کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئەم کەمبوونەوەیە لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی غازی شلی ماڵان ناکات."


