رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو شاری حەسەکە رووبەڕووی ئاڵۆزی و گرژییەکی تووند بووەوە؛ دوای گردبوونەوەی گەنجانی کورد لە چەند گۆڕەپانێکی شارەکەدا. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ بڵاوەپێکردنی گەنجان، تەقەی زۆریان بە ئاسماندا کرد و چەند هاونیشتمانییەک بریندار بوون.
رامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند هاووڵاتییەکی کورد لە دەوروبەری مەیدانی (حەمامە) بریندار بوون. هەروەها بەهۆی تەقەی بەردەوامەوە، زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی خەڵکی سڤیل گەیشتووە.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هات کە لە گەڕەکی موفتی گردبوونەوەیەک بۆ داواکردنی مافەکان ئەنجامدرا، بەڵام پێکدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو. "ئاسایش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە هێزی بەکار هێنا و تەنانەت بە قۆناخە تفەنگ لە چەند ئۆتۆمبێلێکی خۆپێشاندەرانیان داوە."
دوای رووداوەکە، هێزێکی زۆری پاڵپشتی کە بە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدار مەزندە دەکرێن گەیشتنە ناوچەکە. بەڵام دواتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ هێورکردنەوەی شەقام و کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەشێکییان کشانەوە.
رامی عەبدولڕەحمان گوتی، رێکاری تووند لەسەر هاتووچۆی گەڕەکی غوێران سەپێندراوە و پردی بەیرووتی و بازاڕی ناوەندیی حەسەکەش داخراون.


