رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە داهاتوودا "هاتووچۆی پاسکیل، مۆتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی قورس لە هەردوو شەقامی 120 و 150 مەتری قەدەخەن."
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24ـی 11ـی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "لەپێناو رێکخستنی شەقام، کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان، هاوکات نەهێشتنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆکردنیانمان دا."
لە راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە: "هاتووچۆی پاسکیل، مۆتۆرسکیل بە هەردوو جۆری دووتایە و سێتایە لەسەر شەقامی خێرای 120ـی و 150 مەتری قەدەخەیە."
لەبارەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گەورەی بیناسازی و کشتوکاڵییەوە، هاتووچۆی هەولێر دەڵێت "هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کە لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێن و خێراییەکانیان لە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێک کەمترە؛ لە هەردوو شەقامە خێراکەی 120 و 150 مەتری قەدەخەیە."
دەشڵێت، "دەبێت ئۆتۆمبێلی قورسی بیناسازی و کشتوکاڵی، لەسەر فلات بگوازرێنەوە."
ئەوەی گرنگە بۆ هاونیشتمانیان، هاتووچۆی هەولێر بڕیاری داوە "ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە هەموو شەقامەکانی شاری هەولێر قەدەخەیە. هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، تووشی سزای یاسایی دەبێت و ئامێرەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت."
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیان دەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمارناکرێن، ئەوانەن کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ