رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانی لە سنووری شارۆچکەی بەدرە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز لەناو تونێلێکدا گیانیان لەدەستدا؛ تاوەکو ئێستا تەرمی دوو لە قوربانییەکان دەرهێندراون و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی تەرمی سێیەم بەردەوامن.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026، هاونیشتمانیەک لە شاری بەدرەی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ سێ کەس خەڵکی گوندی پاکل لە تونێلێکدا لە نزیک گوندەکە بە هۆی ژەهراویبوون بە گاز گیانیان لە دەستدا."
هەر لەو بارەوە، سەعید شەهبازی، قایمقامی شاری بەدرە بە میدیاکانی راگەیاند، "سێ کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی ناو تونێلەکە گیانیان لەدەستداوە."
بە گوتەی قایمقامی بەدرە، تاوەکو ئێستا توانراوە تەرمی دوو کەسیان لە تونێلەکە بهێندرێتە دەرەوە.
سەعید شەهبازی ئاماژەی بەوە کرد، بە هۆی بوونی گازی ژەهراوی و قوڵی شوێنی رووداوەکە کاری تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن زەحمەت بووە و ناتوانرێت تەرمی سێیەم دەربهێنن.
سەعید شەهبازی گوتیشی هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی تەرمی سێیەم بەردەوامە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و هۆکاری چوونی ئەو سێ کەسە بۆ ناو تونێلەکە دەستیپێکردووە.




