رووداو - دهۆک
دوای بڵاوبوونەوەی چەند جۆرێکی پێڵاو لە بازاڕەکانی دهۆک کە خاچ لەژێریان درابوو، بە فەرمانی پارێزگار و ئاسایشی شارەکە سەرجەم ئەو پێڵاوانە کۆکرانەوە و فرۆشتنیشیان قەدەخەکرا. هەر کەسێکیش بیانفرۆشێت سزادەدرێت.
پێڵاوەکان حەوت جۆرن، ژنانەن و لە بنەکەیان خاچیان لێدراوە، بەگوتەی بازرگانێک ئەو پێڵاوانە لە چینەوە هاتوونە ئێران و پاشان بۆ هەرێمی کوردستان و دهۆک نێردراون.
بەدیع ئەحمەد، دووکاندارێکی شاری دهۆکە و دەڵێت: "پێنجشەممەی رابردوو دوو ژنی کریستیان هاتنە دووکانەکەم و گوتیان دەبێت ئەو پێڵاوانە لێرە لابدەی، ئەگەرنا ئێمە سکاڵا تۆماردەکەین، دواتر ئاسایش هات و ئێمەش ئەو جۆرە پێڵاوانەمان کۆکردەوە کە خاچیان لەبن درابوو".
بە فەرمانی پارێزگای دهۆک لیژنەیەک لە چاودێری بازاڕ و ئاسایشی شارەکە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە پێڵاوانە پێکهێنرا، بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکانیش سەرەڕای نیگەرانی زۆر لەبەرامبەر ئەو کارانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی تۆمارنەکردووە.
مەعن گورگیس، بەڕێوەبەری ئەوقافی کاروباری کریستیانەکان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند: " ئەوە دووەمجارە ئەم حاڵەتە روودەدات، بە دڵنیاییەوە ناخۆشە، بەڵام ئەوە کاریگەریی لەسەر هەموو پارێزگای دهۆک نابێت".
بەشێک لە خەڵکی دهۆک، ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت کۆنترۆڵی بازاڕ بە باشی بکرێت و نەهێڵدرێت کەلوپەلی لەم جۆرە بهێنرێتە نێو بازاڕەکان.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن



