رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، دەیەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا بەردەوامبێت و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی سوپەرلیگ، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئەیوپسپۆر دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکەیە.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا شەش بردنەوەی لە کۆی 9 یارییدا تۆمارکردووە، دوو جار یەکسانبووە و لە یارییەکدا دۆڕاوە، یانەکە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 20 خاڵە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ گاڵاتەسەرای بۆ تەنیا دوو خاڵ کەمدەکاتەوە.
یارییەکە کاژێر 13:30 بەڕێوەدەچێت، یانەی ئامەدسپۆر، هاندەرانی ئاگادار دەکاتەوە، کاژێر 11:00 دەرگاکانی یاریگا دەکرێنەوە و داوا لە هاندەرانی دەکات زوو بچنە یاریگا بۆ ئەوەی رووبەڕووی جەنجاڵی و بەربەست نەبنەوە لە کاتی چوونەوە ژوورەوەیان.
سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون، هاوشێوەی یارییەکانی دیکەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا ئەمڕۆش زیاتر لە 30 هەزار هاندەر لەنێو یاریگادا پاڵپشتیی کەسک و سوور دەکەن.
ئەیوپسپۆر لەم وەرزەدا خراپترین تیپی خولی تورکیایە، لە 9 یارییدا 8 جار دۆڕاوە، تەنیا یەک سەرکەوتنی هەیە، تیپەکە 23 گۆڵی لێکراوە و تەنیا دوو گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئامەدسپۆر بە وریاییەوە یاریی بکات بۆ ئەوەی سوود لە خراپیی رکابەرەکەی وەربگرێت.




