پارتی و یەکێتی: بەشداریی کۆبوونەوەکەی ماڵی مالیکیمان نەکردووە

24-10-2021
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتیدەکەنەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24-10-2021ی ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان کردبێت.
 
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکردووە؛ کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە پارتییەوە نەبووە و ئاگاداریش نین چ لایەنێک بەشداریی تێدا کردووە.
 
رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکردووە. (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) تەنیا شیعەکان خۆیانن و هیچ لایەنێکی کوردی تێدا نییە"؛ گوتیشی "جارێ یەکێتی بە تەنیا لەگەڵ هیچ لایەنێکی عێراقی دانەنیشتووە".
 
سۆران عومەر، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمەڵی دادگەری بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیەی ئێوارەی رۆژی یەکشەممەی [24-10-2021] نەکردووە.
 
هاوکات فەلاح خەفاجی، کەسایەتی لە هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت کە لە عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی پێکهاتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر میکانیزمی دەرچوون لەو قەیرانە و میکانیزمی کۆمیسیۆن کە ئامادەنییە دەنگەکان بە دەست ئەژمار بکرێنەوە و گوتیشی، پێویستە کۆمیسیۆن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە، دەنگەکان بە دەست ئەژمار بکاتەوە.
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێک بە ناوی هێزە نیشتمانییەکانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتووە، هێزە سیاسییە ناڕەزاییەکانی هەڵبژاردن ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی رووداوەکان و باسیان لەوە کرد کە کەموکوڕیی گەورە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەیە و ئەمەش بارگرژیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دروستکردووە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و هەروەها مامەڵەکردنی کۆمیسیۆنیش لەگەڵ تانەکان رەتدەکەنەوە و داوادەکەن بە جیددی سەیری هەموو تانە پێشکێشکراوەکان بکات، دەنگی تەواوی وێستگەکان بە دەست جیابکرێنەوە و ئەژمار بکرێنەوە و "هەڵەکان لەبارەی چۆنێتیی ئەژمارکردنی دەنگەکان راستبکرێنەوە".
 
هاوکات بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوا لە سەرۆککۆمار دەکەن دەستوەردان بکات، بەو پێیەی پارێزەری دەستوورە و "رێگری لە ئاراستەی رووداوەکان بکات بەرەو مەترسیدارتر. هاوکات پشتیوانیی خۆشیان بۆ داواکارییەکانی خۆپێشاندەران و سەرجەم چالاکییەکان دووپاتکردەوە کە لە دەستوور رێگەپێدراوە".
 
پێشتر گاتع روکابی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و ناڕەزاییەکان لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە