رووداو - هەولێر
هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 8 مانگ دواخران.
رۆژی سێشەممە 24-10-2017، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، گرنگترین تەوەریشی بڕیاردان بوو لەبارەی هەڵبژاردنەکان. هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی پێشوو ئەم کۆبوونەوەشیان بایکۆت کرد.
پەیامنێری رووداو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا 60 پەرلەمانتار بە بەڵێ و 8 پەرلەمانتاریش بە نەخێر دەنگیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان دا. هەرچەندە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی پێش کۆبوونەوەکە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان رێککەوتبوو، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا دەنگیان پێنەدا.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی رایگەیاند: "ئێمە گەیشتبووینە ئەو باوەڕەی ئەنجامدانی هەڵبژارندەکان لە هەرێمی کوردستان ئەستەمە، بەڵام چووینە ژوورەوە بۆ ئەوەی کاتێکی گونجاو دیاری بکەین، بۆیەش دەنگمان نەدا پێمانوابوو 3 بۆ 6 مانگ بەسە و پێویست بە 8 مانگ ناکات".
هەر لە دانیشتنەکەدا بێگەرد تاڵەبانی بەفەرمی وەك سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، هەریەک لە گۆران محموود لە فراكسیۆنی یەكێتی، عەلی عوسمان لە فراكسیۆنی پارتی و ئەیوب عەبدوڵڵا لە فراكسیۆنی كۆمەڵ وەك پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح



