رووداو دیجیتاڵ
نوێترین ریزبەندی باشترین ئەکادیمیای یانەکان، بۆ بەرهەمهێنانی یاریزانان، دەریدەخات ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆنا (لاماسیا)، نەک هەر پێشەنگی جیهان نییە، بەڵکو لە پێنج یەکەمەکەی جیهانیش نییە، لە رووی بەرهەمهێنانی یاریزانانی لاوەوە.
یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی، پێشەنگی ئەو ریزبەندییە جیهانییەی گرتووە کە لەبارەی کاریگەریی ئەکادیمیای یانەکانی جیهانەوە، بۆ پێگەیاندن و پەرەپێدانی یاریزانانی لاو ئامادەکراوە.
ریزبەندییەکە بۆ ساڵی 2026 یانە پۆرتوگالییەکەی وەک باشترینی سەر ئاستی جیهان داناوە، لە پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی یاریزانان. ئەکادیمیای ئەو یانەیە، کۆی 101،3 خاڵی بەدەستهێناوە، ئەوەش بەهۆی بەرهەمهێنانی 93 یاریزانەوە کە لە ئەکادیمیای یانەکە دەرچوون و ئێستا لە 49 خولی پلە یەک، لەسەرانسەری جیهان یاریی دەکەن.
ریزبەندییەکە، لەلایەن روانگەی تۆپی پێی جیهانییەوە ئامادەکراوە، کە سەر بە سەنتەری توێژینەوە وەرزشییەکانە و پێگە و کاریگەریی، ئەکادیمیای یانەکانی لەسەرئاستی جیهان بۆ پێگەیاندنی بەهرەمەندان و پەرەپێدانی تواناکانیان، دەستنیشانکردووە.
هەڵسەنگاندنە بۆ ئاستی یاریزانان و گەشەکردنی تواناکانیانە لەگەڵ ئەکادیمیای یانەکان، بەرلەوەی بگەنە ئاستی پیشەگەری، چ لەگەڵ ئەو یانانەی خاوەنی ئەکادیمیاکانن، یان ئەوانەی بۆیان دەچن.
پلەی دووەمی ریزبەندییەکە، بەدەست یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینییەوەیە کە 95.9 خاڵی بەدەستهێناوە، پاشئەوەی 94 یاریزانی دەرچووی ئەکادیمیای یانەکە، لە خولە بەهێزەکانی جیهاندا دەرکەوتن. لە کاتێکدا ئەکادیمیای بۆکاجۆنیۆرز لە پلەی سیێەمە بە 91.7 خاڵ و بەدەرچوونی 93 یاریزانی چالاک، لە ئەکادیمیای یانەکەوە، بەرەو یانەکانی جیهان، ئەو پلەیەی بەدەستهیناوە و جارێکی دیکە، دووپات لە ململانێی سەختی نێوان ئەو دوو یانە ئەرجەنتینییە دەکاتەوە، لە هەموو بوارەکان و لە پێگەیاندنی یاریزاناندا.
پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە، بەدەست یانەی فیلیز سارسفێڵدی ئەرجەنتینییەوەیە، لە کاتێکدا ئەکادیمیای ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی، پلەی پێنجەمی گرتووە و پێش بارسێلۆنا و ئەکادیمیای لاماسیا کەوتووە، کە پلەی شەشەمیان بەدەستهێناوە.
لیستی یانەکانی دیکەی خاوەن پلەکانی دواتری ریزبەندییەکە، تاوەکو پلەی دەیەم، ئەکادیمیای یانەکانی لیسبۆی پۆرتوگالی، ریال مەدریدی ئیسپانی دیڤینسۆ سپۆرتینگی ئۆرۆگوایی و رێد سالزبۆرگی سڕبی لەخۆ دەگرێت.
بوونی سێ یانەی ئەرجەنتینی لە لیستی پێشەنگ، لە پاش بێنفیکای پۆرتوگالی، جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی ئەمریکای باشوور و پۆرتوگال، باشترینن بۆ بەرهەمهێنانی یاریزانان و توانای گەورەیان لە پەرەپێدانی بەهرەمەندە نوێیەکان هەیە، لە کاتێکدا ئەکادیمیای یانەکانی ئەیاکس، بارسا و ریال، بوونی خۆیان لە نێو پێشەنگانی جیهاندا، دووپاتدەکەنەوە.
لەسەرئاستی ئەو یانەنای زۆرترین یاریزانی چالاک و دەرکەوتوو لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپایان هەیە، ئەکادیمیای ریال مەدرید، پێشەنگی ریزبەندییە جیهانییەکەیە بەهۆی یارییکردنی 40 دەرچووی ئەکادیمیای ئەو یانەیە، لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا.
ریال مەدرید پێش بارسای رکابەری کەوتووە، کە 34 یاریزانی لە پێنج خولە گەورەکە هەیە، ئەوەش جارێکی دیکە دووپات لە گەشەکردنی ئەکادیمیاکانی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە، لە گەشەپێدانی یاریزانان و دۆزینەوەی بەهرەمەندە ناوازەکان.
لەو ریزبەندییەدا، مانچێستەر سیتی 29 یاریزانی هەیە و لە پلەی سێیەمە، لە کاتێکدا رێنی فەرەنسی خاوەنی 28 یاریزانە و لە پلەی چوارەمە.
ئەکادیمیای یانەکانی پاریس سانجێرمان و ئەیاکس پلەی پێنجەمیان دابەشکردووە و هەریەکەیان 27 یاریزانی هەیە.
لە بەرامبەردا ئاتلێتیک بیلباو و ریال سۆسیداد پێشەنگی جیهانن لەوەی کە، پێکهاتەکانیان زۆرترین یاریزانی دەرچووی ئەکادیمیاکانی خۆیانی تێدایە و ئەو دوو یانەیە، یەکەمیان بە 15 یاریزان و دووەمیان بە 14 یاریزانی دەرچووی ئەکادیمیاکانی خۆیان لە تیپەکانی یەکەمیان، پێشەنگی جیهانن.
روانگەکە لە لێکۆڵینەوەکەیدا، پشتی بەتۆمار و زانیارییە تۆمارکراوەکان لە مانگی دەی ساڵی 2025ەوە بەستووە، بەتۆمارکردنی داتای کۆی یاریزانانی 49 خولی پلە یەک لە سەرانسەری جیهاندا.
روانگەکە هەروەها چوار بنەمای بۆ ریزبەندییەکەی پەیڕەوکردووە، لەوانەش ژمارەی یاریزانان، ئاستی رکابەرییان و یارییکردنیان لە وەرزی رابردوودا، هەروەها خولەکی یارییکردنیان و تەمەنیان.
روانگەکە دەڵێ، دەرچووی ئەکادیمیا، مەبەستمان لەو یاریزانانەیە کە لانیکەم سێ ساڵی لەگەڵ تیپەکەدا بەسەربردبێت لە ئەکادیمیای یانەکە، بەو مەرجەی لەو سێ ساڵەدا، تەمەنی لە نێوان 15 تاوەکو 21 ساڵیدا بێت.




