رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، تاوەکو گەمارۆی ئابووری و دەریایی لەسەر تاران لانەبرێ، چوونە نێو دانوستاندنی ئەتۆمی هیچ مانایەکی نییە و ئاسایشیش بۆ تەنگەی هورمز ناگەڕێتەوە.
"هیچ متمانەیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکادا نییە"
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەمە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسیێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە، چونکە لایەنی بەرامبەر گەمارۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووە. تاوەکو ئەو رێکارە نایاساییانە هەڵنەگیرێن، ناکرێ لە رووی لۆژیکییەوە بچینە نێو پرسی ئەتۆمی و بابەتی دیکەوە."
بەقایی گوتیشی: "دەبێ واشنتن سەرەتا بیسەلمێنێت کە باوەڕی بە دیپلۆماسی هەیە. لەم کاتەدا بە هیچ جۆرێک متمانە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نییە، تەنانەت دڵنیایییەکی کەمیش نییە کە لایەنی بەرامبەر دوای دوو بۆ سێ هەفتە واژۆی خۆی لەسەر رێککەوتنەکان نەسڕێتەوە."
ئاڵوگۆڕی پەیام
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ دەوحە، بۆ ئاسانکاری بووە لە گەیاندنی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیریی قەتەرەوە، هەروەها دۆسیەی دیپلۆماسی لە ئەستۆی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار.
بەقایی گوتی: "ئێران نەخشەڕێگەیەکی حەوت قۆناخی پێشکێش کردووە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە. هیچ رێککەوتنێک ناکرێ و تەنگەی هورمزیش ناکرێتەوە یان ئارام نابێت، ئەگەر گەمارۆی دەریایی و ئابووریی سەر ئێران کۆتایی نەیەت و سەرمایە بلۆککراوەکانمان ئازاد نەکرێن، وەک ئەوەی لە لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد رێککەوتنی لەسەر کرا." بەقایی گوتی، لە ئەگەری پەسندکردنی داواکارییەکان، لە دوو رۆژدا تەواوی پلانەکە جێبەجێ دەکرێ.
"وەڵاممان بەهێز و دەستبەجێ دەبێت"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی بەهێز لەلایەن ئەمریکاوە بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەڵگیرسانەوەی جەنگ، ئیسماعیل بەقایی گوتی: "هەر دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر ئێران بە هەر چەک و ئامرازێک بێت، بە وەڵامێکی بەهێز، دەستبەجێ و هەمەلایەنە بەرەوڕوو دەبێتەوە. چۆنییەتیی ئەو وەڵامەش لە ئەستۆی پارێزەرانی وڵاتە و پێشبینی و ئامادەکاریی پێویست بە باشی کراوە."
نامەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و پرسی "فریودان"
سەبارەت بە نامەی ئەم دواییەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ تاران، بەقایی گوتی: "پێوەری ئێمە کردەوەیە نەوەک شێوازی نامەکان، چونکە ئەمریکا بەردەوام رێڕەوە دیپلۆماسییەکانی تێکداوە."
سەبارەت بە ئەگەری فێڵ و فریودانیش گوتی: "ئێمە فێڵمان لێ ناکرێ؛ لەبیرمان نەچووە لە هێرشەکانی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا نیو کاژێر پێش بۆردوومانکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیگوت گفتوگۆکان بەردەوامن."
هەڵبژاردنی ئەمریکا
ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە چاودێریی رووداوەکە دەکەین. دووژمنایەتیی واشنتن لەگەڵ تاران مێژوویەکی زیاتر لە 70 ساڵەی هەیە و بە گۆڕینی سەرۆکەکان ناگۆڕدرێ؛ بۆیە تاران لەبری چاوەڕوانیکردنی واشنتن، پشت بە توانای نێوخۆیی خۆی دەبەستێت."

