زاڵمای خەلیلزاد بۆ رووداو: داوا لە هەموو هاووڵاتییەکی کورد دەکەم بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات

24-09-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زاڵمای خەلیلزاد بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرنگە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن. داواشی کرد، رێز لە دەستووری عێراق بگیرێت و لە رێگەی دادگەکانەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لاواز نەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلوولی 2024، زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق بە دیار کوردە، نێردراوی رووداوی بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکی راگەیاند، خۆشحاڵە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە رێگەی رووداوەوە داوای لە هاونیشتمانیان کرد بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن و گوتی، "داوا لە هەموو کورد دەکەم بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. هەڵبژاردن پڕۆسەیەک نییە تۆ لە ماڵەوە دابنیشیت و لە تەلەڤیزیۆنەوە سەیری بکەیت، بەڵکو دەبێت بەشداریی تێدا بکەیت و بە بایەخەوە سەیری بکەیت."
 
خەلیلزد ئاماژەی بەوەش کرد، "کورد نەتەوەیەکی گەورەیە بەبێ ئەوەی دەوڵەتی خۆی هەبێت." گوتیشی، "نادادییەکی مێژووییە کە زلهێزە کۆلۆنیاڵیزییەکان و ئەوانی دیکە کردیان، سنوور دروستکرا و کورد بەسەر چەندین وڵاتدا دابەشکرا."
 
خەلیلزاد گوتیشی، "داوا لە هەموو عێراقییەکان دەکەم رێز لەو دەستوورە بگرن (کە دەنگی پێدراوە) و فێڵ و تەڵەکە بەکارنەهێنن، هەروەها دادگاکان بەکارنەهێنن کە لە راستیدا دەسەڵاتییان نییە، یان بەو جۆرە نەبێت کە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەکاربهێندرێن."
 
خەلیلزاد لە ساڵی 2003 - 2005 باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە ئەفغانستان و لە 2005- 2007 وەك باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كاریكرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە