سەرۆک بارزانی: نادر نادرۆڤ رۆڵێکی کاریگەری لە یەکخستنی کوردانی کازاخستان هەبوو

24-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی نادر نادرۆڤ، پرۆفیسۆر و پسپۆری کوردی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نادر نادرۆڤ زانای ناوداری كورد و خاوەنی دەیان كتێب و و سەدان توێژینەوەی زانستی بوو و رۆڵێكی كاریگەریشی لە یەكخستن و سەرپەرشتیی كاروباری كوردانی كازاخستان و وڵاتانی سۆڤێتیی پێشوودا هەبوو".
 
ئەمڕۆ سێشەممە 24-08-2021 نادر نادرۆڤ ناسراو بە "مارشاڵی نەوت و گاز" لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری ئەلماتای کازاخستان کۆچی دواییکرد. بارەگای بارزانی لە فەیسبووک پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانییان بڵاوکردەوە کە تێیدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكار و ناوەندە ئاكادیمی و جەماوەرییەكانی كوردانی كازاخستان و سەرجەم كوردانی وڵاتانی سۆڤێتیی پێشوو دەكات و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم".
 
نادر نادرۆڤ، ساڵانێکە تووشی چەند نەخۆشییەک بووە و بەهۆی زیاتر تێکچوونی باری تەندروستی، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەلماتا خەوێندرابوو.
 
نادرۆڤ سەرۆکی فەخری یەکێتی کوردانی سۆڤیەت و ئەندامی ئەنجوومەنی گەلانی کازاخستان بوو، لە ساڵی 1993ـەوە ئەندامی هەمیشەیی ئەکادیمیای زانیاریی نەتەوەیی کازاخستانە.
 
نادرۆڤ ئەم خەڵاتانەی بردووەتەوە:
 
- پێشەنگی پەوەردەیی گەلی سۆڤییەت (1967)
 
- خەڵاتی دەوڵەتی کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1980)
 
- خەڵاتی رەنجبەر و ئەمەکداریی کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1982)
 
- خەڵاتی داهێنەر (دۆزەرەوە) کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1985)
 
- پسپۆڕی فەخری نەوت و گاز کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1991)
 
- ئەندازیاری مەزن لە سەدەی بیستەم لە ساڵی 2000 
 
- ئەندازیاری فەخریی کازاخستان (2001)
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی نادر نادرۆن:
 
پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی پڕۆفیسۆر نادر نادرۆڤ
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی زانستی و نەتەوەیی و جەماوەریی كوردانی كازاخستان پڕۆفیسۆر (نادر نادرۆڤ)ـم بیست. نادر نادرۆڤ زانای ناوداری كورد و خاوەنی دەیان كتێب و و سەدان توێژینەوەی زانستی بوو و ڕۆڵێكی كاریگەرشی لە یەكخستن و سەرپەرشتیی كاروباری كوردانی كازاخستان و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوودا هەبوو و لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.
 
پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ناوەندە ئاكادیمی و جەماوەرییەكانی كوردانی كازاخستان و سەرجەم كوردانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
 
لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو نادر نادرۆڤ بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر

کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر: 20 هاووڵاتیمان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد کران

سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونیان و رەزامەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، 20 زیندانیکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئازاد کران. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، 13یان حوکم درابوون