رووداو دیجیتاڵ
رووناکبیر، ئەکادیمی، پرۆفیسۆر و پسپۆڕی کوردی سۆڤیەتی پێشوو، نادر نادرۆڤ کە وەکو "مارشاڵی نەوت و گاز" ناسرابووم لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری ئەلماتای کازاخستان کۆچی دواییکرد.
نادر نادرۆڤ، ساڵانێکە تووشی چەند نەخۆشییەک بووە و بەهۆی زیاتر تێکچوونی باری تەندروستی، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەلماتا خەوێندرابوو.
نارین نادرۆڤا، بووکی نادر نادرۆڤ، هەواڵی مردنەکە لە توویتەر بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "بەداخەوە ئەمڕۆ باوکی خۆمم لەدەستدا، واتای گوتن نەما."
نادرۆڤ سەرۆکی فەخری یەکێتی کوردانی سۆڤیەت و ئەندامی ئەنجوومەنی گەلانی کازاخستان بوو، لە ساڵی 1993ـەوە ئەندامی هەمیشەیی ئەکادیمیای زانیاریی نەتەوەیی کازاخستانە.
نادرۆڤ باوکی (عارف، باری و دیمیتری )یە، هەروەها خەزووری نارین نادرۆڤا، هونەرمەندی ناوداری کوردە لە کازاخستان.
کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤییەت بووە، نادر نادرۆڤ چاوی بە مستەفا بارزانی کەوتووە و زۆرجار باسی ئەو چاوپێکەوتنەی کردووە.
نادرۆڤ تاوەکو ئێستا نزیکەی 950 وتاری زانستیی نووسیوە و خاوەنی 250 داهێنانی زانستییە و 35 کتێبیشی چاپ و بڵاوکراونەتەوە. دوو لە کتێبەکانی لەبارەی ژیانی خۆی و ژیانی کوردانی کازاخستانە. لە ساڵی 1996 دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری "پێترۆڵ و گاز".
نادرۆڤ ئەم خەڵاتانەی بردووەتەوە:
- پێشەنگی پەوەردەیی گەلی سۆڤییەت (1967)
- خەڵاتی دەوڵەتی کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1980)
- خەڵاتی رەنجبەر و ئەمەکداریی کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1982)
- خەڵاتی داهێنەر (دۆزەرەوە) کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1985)
- پسپۆڕی فەخری نەوت و گاز کۆماری کازاخستانی سۆسیالیست لە یەکێتیی سۆڤیەت (1991)
- ئەندازیاری مەزن لە سەدەی بیستەم لە ساڵی 2000
- ئەندازیاری فەخریی کازاخستان (2001)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ