رووداو – سلێمانی
سەرۆكی لیستی چاكسازی و گەشە، رەتیدەكاتەوە لیستەكەیان باكگراوندێكی ئیسلامی هەبێت و دەڵێ "ئێمە كاندیدی عەلمانیشمان هەیە"، بەڵام ئیسلامییەكان پێیانوایە هاتنەپێشەوەی ئەو لیستە نوێیە، تەنیا بۆ راكێشانی دەنگی دوو حیزبە ئیسلامییە ئۆپۆزیسیۆنەكەیە.
لیستی چاكسازی و گەشە لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ناوی خۆی وەك قەوارەیەكی بەشداربووی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆماركردووە. پێدەچێ تاوەكو ئەو كاتەی هەڵبژاردنەكان ئەنجامدەدرێ، جگە لە ركابەرە سەرەكییەكەیان كە یەكێتی و پارتین، ئیسلامییەكان رووبەڕووی ركابەرێكی دیكەش ببنەوە، كە ئەویش لە كارنامەیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی دەكات.
سەرۆكی قەوارەكە دەڵێت، لیستەكەیان هەمەڕەنگە و خەڵكانێكیشیان تێدایە كە ئیسلامی نین "بەڵام لەگەڵ هیچ قەوارەیەكدا هاوپەیمانی ناكەین، هەركاتێكیش داوامان لێكرا، ئەنجوومەنی باڵای قەوارەكە بڕیار دەدات".
محەممەد بازیانی، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە و دواتر دەستی لە كاركێشایەوە، گوتیشی لە سەرتاسەری كوردستان كاندیدیان هەیە "بەڵام بڕوامان وایە دەنگدەری زیاترمان لە سلێمانی دەبێ پاشان لە دهۆك".
سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، هۆی دروستكردنی ئەو لیستەی لە رستەیەكدا كورتكردەوە "تەنیا بۆ لاوازكردنی ئیسلامییەكان دروستبوون". زیاتر لەوە، باسی هەوڵەكانی پێشتری محەممەد بازیانی كرد، كاتێك لە بزووتنەوە جیابووەتەوە و دەڵێت هەوڵیداوە حیزبێكی ئیسلامی نوێ دابمەزرێنێ "بەڵام مۆڵەتیان پێنەدا و پێیانگوتبوو جارێ بڕۆ لەو هەڵبژاردنە لیستێك دروست بكە، ئەگەر دەنگت هێنا، بۆ خۆت دەبیتە حیزب و مۆڵەت وەردەگری".
بەبڕوای ئەو سەركردەیەی بزووتنەوەی ئیسلامی، لیستی چاكسازی و گەشە، لاساییكردنەوەی خەڵكانێكی دیكەیە كاتێك هەوڵیانداوە دەنگی ئیسلامییەكان كەم بكەنەوە. بەڵام محەممەد بازیانی، ئەوەی رەتكردەوە و گوتی كە ئەوان پڕۆژەیان پێیە لە بواری چاكسازی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری و ئابووری. جیاوازی بۆچوونی خۆیان دەخاتە روو لەڕووی سیاسییەوە و دەڵێت "ئێمە پێمانوایە دەبێ لە بواری چاكسازیدا ئایتی و داتا رۆڵی كاریگەر ببینن و وابیر دەكەینەوە كە دەبێ بایەخی زۆر بەوە بدرێ، هەر بۆیە چەند شارەزای بواری ئایتی و داتابەیسمان هەیە".
لە نێو ئیسلامییەكاندا و بەتایبەتیش لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوام درز و كەلێنی گەورە دروستبووە، وەك جیابوونەوەی كۆمەڵی ئیسلامی و باڵی ئیسلاح بە سەركردایەتی مەلاكرێكار لە بزووتنەوە و پاشتریش هاتنە دەرەوەی محەممەد بازیانی.
بازیانی رەتیكردەوە ئەو سیستمی چاكسازییەی ئەوان كردوویانەتە كارنامە، هەمان شێوازی كاركردنی ئۆپۆزسیۆن بێت و دەڵێت "سیستمی ئێمە عادیلانەیە و داوای دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە، هەروەها تاك بتوانێ گوزارشت لە راكانی خۆی بكات و ئازادی هەبێ".
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زۆر راپرسی لەسەر پێشبینی دەنگەكانی داهاتوو ئەنجامدران. لیستی چاكسازی و گەشە، لە ماڵپەڕ و پێگە ئەلیكترۆنییەكانی خۆیەوە راپرسییەكی ئەنجامداوە و بەپێی راپرسییەكە كە لەماوەی دوو رۆژدا 17 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە، پرسیاری ئەوە كراوە دەنگ بە كێ دەدەی؟ وەك بڵاوكراوەتەوە ئەنجامەكە دەریخستووە، كە 11%ی بەشداربووانی راپرسییەكە دەنگ بە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ دەدەن و زیاتر لە 20%یش دەنگ بە لیستی چاكسازی و گەشە دەدەن، بەمجۆرەش دەنگەكانی ئەم لیستە نوێیە، نزیكە لە دەنگەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی، گوتی ئەوان لارییان نییە هەر گرووپ و لایەنێكی دیكە كاربكەن "بەڵام دەرەنجامەكانیش گرنگن و ئێستا دوو حیزبی ئیسلامی هەن و ئەوان دەتوانن پڕۆژەكانیان لەرێگەی دەسەڵات یان ئەو دوو حیزبە ئیسلامییەوە جێگا بكەنەوە و كاری بۆ بكەن". ناوبراو گوتیشی "ئەوان دەیانتوانی لە نێو یەكێك لەو حیزبانە جێگای خۆیان بكەنەوە و كاربكەن بۆ كارنامە و پرۆژەكانیان".
یەكێك لە گرفتی ئیسلامییەكان، دەنگی ناڕازییەكانی نێو لایەنە ئیسلامییەكان و رێبازەكانی نەقشبەندی و قادری و تەسەوف بووە، كە ئەوان هەمیشە خۆیان بەدوور گرتووە لە كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوە، بەڵام بازیانی دەڵێ یەكێك لە خاڵە جیاوازەكانی ئێمە ئەوەیە "یەكێك لە كاندیدەكانمان لە نەقشبەندییەكانە و خاوەنی كەسایەتییەكی دیارە، هەروەها چەند سەرۆك عەشیرەتێكیش بەڵێنی ئەوەیان پێداوین كە پشتگیریمان بكەن و دەنگمان پێبدەن".



