رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ بۆسەر ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی شەڕ تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە. هاکان فیدان داوا دەکات تەنگەی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە و هێرشەکان بۆ سەر سعودیە رابگیرێن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری ئیستەنبووڵ میوانداریی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی (R4 ) تورکیا، میسر، پاکستان، سعودیە و (E3) بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسای کرد. دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد.
هاکان فیدان تیشکی خستە سەر شەڕ و کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل و داوای دیالۆگی لە وڵاتان کرد بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی و گوتی: "دەستوەردانی سەربازیی دژی ئێران بە هیچ شێوەیەک نابێتە چارەسەر. ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم مێزە دەستوەردانی سەربازی پەسند ناکات. گرنگ ئەوەیە ئەم وڵاتانەی لە دەوری ئەم مێزە کۆبوونەتەوە — بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سعودیە، پاکستان، میسر و تورکیا — هاوڕان و هەمان پەیام دەدەنە جیهان. هیچ وڵاتێک لێرە نایەوێ ئاگری شەڕ زیاتر بێت. هەمووان دەیانەوێ لە ناوچەی کەنداو و لە ئۆکراینا بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیێندرێ و شەڕ رابگیرێ."
هاکان فیدان گوتی، هەموو وڵاتان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، هاوسەنگییەکانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی تێکدەدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە قەیرانی گواستنەوەی وزە و کاریگەرییەکان لەسەر ئابووریی جیهان کرد و گوتی: "کێشەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و وزە لە بازاڕی ئەورووپادا. پێویستە تەنگەی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە و هەموو ئەو هێرشە سەربازییانەش دەکرێنە سەر سعودیە رابگیرێن."
هاکان فیدان باسی لە شەڕی رووسیا و ئۆکرایناش کرد و داوای کرد ئازادی و ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای رەشدا گەرەنتی بکرێ. فیدان رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستیش نەکرێ، پێویستە بازاڕی خۆراک و وزە لە شەڕ جیا بکرێتەوە و گوتی: "داواکاریی هەموومان ئەوەیە کە بە زووترین کات ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکراینا بەدەست بهێندرێ. بەڵام ئەگەر شەڕ رانەوەستێت، پێویستە بۆ وزە و گەنم لەلایەن هەردوو وڵاتەوە تایبەتمەندی هەبێ. وەک دەزانرێت، دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر تورکیا ئەمەی جێبەجێ کرد."
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کاتێک دوو وڵات شەڕی یەکدی دەکەن، لانیکەم پێویستە رێگری لەوە بکرێ کە بازاڕەکانی جیهان و وڵاتانی دیکە زیانیان بەر بکەوێ. ئێستا پرسیاری سەرەکیی ئێمە ئەوەیە، چۆن گەنمی رووسیا و ئۆکراینا دەگاتە بازاڕەکانی جیهان؟ هەندێک پێشنیاز و بۆچوون هەن و ئێمە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆداین."



