رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تیرۆریستییە" دەکات کە کەنیسەیەکی لە پارێزگای کەرەکی ئوردن کردە ئامانج و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرکردایەتی و گەلی ئەو وڵاتە دەردەبڕێ.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە کەنیسەیەکی لە پارێزگای کەرەک لە شانشینی هاشمیی ئوردن کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنیی بێتاوان بوونە قوربانی و بریندار بوون."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ شانشینی هاشمیی ئوردن، بە سەرکردایەتی و گەلەکەیەوە دەردەبڕین و جەخت لە رەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانی دەکەینەوە، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی پەرستگە و هاووڵاتییانی مەدەنی."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی: "پرسە و سەرەخۆشیی دڵسۆزانەمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین؛ هەمیشە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئوردن و گەلە براکەی بەئاوات دەخوازین."
ئەمڕۆ هەینی، لە ئەنجامی تەقەکردنی چەند چەکدارێک لەنێو کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، حەوت کەس کوژران و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون.



