رووداو - ئامێدی
بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەنێوان گوندی دێرەش و مژێدا سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی، دەیان سەر مەڕی ئاژەڵدارێک مرداربوون.
ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بۆردوومانەکەی فڕۆکەکانی تورکیا کاژێر 04:00 بووە و مەڕەکانیش هی ئاژەڵدارێک بووە بەناوی شیمال سپیندار.
دانیشتوویەکی ئەو ناوچەیە بە رووداوی گوت، لەکاتی بۆردوومانکردندا شوانەکان لەوێ نەبوون، بەهۆی ئەوەی ترسی دووبارە بۆردوومانکردنەوەش هەیە، تاوەکو ئێستا نەزانراوە بە دیاریکراوی چەند سەر مەڕ و بەرخ مرداربوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-06-2021 تاوەکو ئێستا هەشت جار تورکیا ئەو ناوچانەی بۆردوومانکردووە.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای ئامێدی بە رووداوی راگەیاند، بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ئامێدی رۆژانەیە و "بەداخەوە رۆژانە خەڵکی ئێمە تووشی زیانی ماددی و گیانی دەبن".
دوای بۆردوومانەکە، چەند هاونیشتمانییەک سەگێک رزگاردەکەن کە کەوتووەتە ژێر داروپەردووی بۆردوومانەکە لە گوندێکی سنووری ئامێدی.
بەهۆی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام بۆردوومان دەکات و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ