رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژ ماوە بۆ ئەو کاتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردووە. باڵی کوردسات دەڵێن، ئامادەکاری تەواوکراوە و باڵەکەی دیکەش هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو. کۆمیسیۆنیش بە رووداوی گوت: "بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەین".
بە گوێرەی ئەو نووسراوەی بە ژمارە 1055 لە 16-04-2025 کۆمیسیۆن بۆ بزووتنەوەی گۆڕانی ناردووە، دەبێت رۆژی شەممە 26ـی نیسان کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی ببەسترێت.
گۆڕان ئێستا دوو ئاراستەیە، ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە، بەڵام کۆمیسیۆن بەبێ ناوهێنانی هیچ ئاراستەیەک نووسراوەکەی بۆ بزووتنەوەکە کردووە و ناچاری کردوون، تەنیا ئەو ناوانە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، کە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی حیزبەکە و بەر لە کێشە نێوخۆییەکانیان لە ساڵی 2017 تۆمار کراون.
گۆڕانی کوردسات: ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس تەواو بوون
رۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی بزووتنەوەکە لە باڵی گەڕەکی کوردسات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، کۆنفرانسی گۆڕانە نەوەکو لایەنێکی دیاریکراو، هەموو ئەوانەی ناویان هەیە دەتوانن بەشداری بکەن، هەرکەسێک لە هەر ئاستێکدا بەشداری نەکات بەبڕیاری کۆمیسیۆن ئیدی وەکو گۆڕان نامێنێتەوە".
ئاراستەی کوردسات یان باڵی گەڕەکی کوردساتی گۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، نوێنەرانی کۆمیسیۆن لە کۆنفرانسەکە بەشداری دەکەن و کۆتایی بە ئاراستەکانی نێو بزووتنەوەکە دەهێنن و یەک گۆڕان دەمێنێتەوە.
شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس
پێشتر باڵی گردی زەرگەتە جەختیان لەوە دەکردەوە، دەبێت کۆنفرانس لە گردەکە بەڕێوەبچێت و باڵی کوردساتیش رەتیدەکردەوە. دوای مشتومڕەکان بڕیار بوو لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی کۆنفرانسەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆن شوێنەکەی گۆڕیوە بۆ هۆڵی ئاشتی هەر لە سلێمانی.
بەرپرسەکەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات گوتی: "تەواوی ئەوانەی مافی بەشداربوونیان هەیە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە، جا هەرکەس نەیەت خۆی بەرپرسیارە".
بە گوێرەی ژمارەی ئەو ناوانەی ساڵی 2017 تۆمار کراون، زیاتر لە دوو هەزار و 100 ئەندامی بزووتنەوەکە مافی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەی شەممەدا هەیە، کە ئێستا ژمارەیەکیان لە هیچ ئاراستەیەکی حیزبەکە نین.
بەرپرسەکەی گۆڕان لە کوردسات دەڵێت: "هیچ ئاراستەیەکی بزووتنەوەکەمان نە دەتوانێت ژمارەی ئەوانەی مافی بەشدارییان هەیە زیاتر بکات نە کەمیان بکاتەوە یان ناویان بگۆڕێت".
گۆڕانی کوردسات: رێکخەر هەڵدەبژێرین
ئاراستەی گەڕەکی کوردسات کە ئێستا لەلایەن دانا ئەحمەد مەجیدەوە بە ناونیشانی "رێکخەری گشتیی" بەڕێوەدەبرێت بە رووداوی گوت: "لە کۆنفرانسی رۆژی شەممەدا بە گوێرەی کارەکانی بەردەستی ئێمە دەبێت رێکخەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان هەڵبژێردرێت".
گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەیەوێت، لە کۆنفرانسەکەی شەممەدا هەموو کارەکانی دیکەی هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتەکانی بەڕێوەببات.
بە گوێرەی مادەی دووەم لە بەشی یازدەیەم لە دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، "لە هەلومەرجی ئاساییدا کۆنفرانسی نیشتمانیی دەبێت پێش هەڵبژاردنی گشتیی بە ماوەیەک ببەسترێت. لە هەلومەرجی نائاساییدا یان لەکاتی پێویستدا، لەسەر داوای دوو لەسەر سێی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان نیوەی ئەنجوومەنەی قەزاکان کۆنفرانس دەبەسترێت".
باڵی گردی زەرگەتە: ئەمڕۆ بەرچاومان روون دەبێت
ئەو باڵەی لە گردی زەرگەتەوە خۆیان بە خاوەنی گۆڕان دەزانن و کوڕانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکە پشتیوانیی دەکەن، تائێستا ناڕەزایەتییان دژی کۆنفرانسەکەی شەممە دەرنەبڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی باڵای گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری فەرمیمان نەداوە و هێشتا بەرچاومان روون نییە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆمان لەسەر ئەو کۆنفرانسە ئاشکرا دەکەین، کە بڕیارە شەممە ببەسترێت".
کۆمیسیۆن: بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەین
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، لیژنەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی شاری سلێمانییان کردووە.
بەرپرسێک لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە دڵنیایی کۆمیسیۆن بەشداری کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کراوە".
05ـی ئەم مانگە، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتییان کرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایانگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".
بە گوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتیی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ