رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە رۆژی 24ـی نیسانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوول، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوون، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە "بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا" کردووەتەوە.
سەرۆکی یەکێتی "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕیوە کە "لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکارییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاندووە."
بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی: "ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیرناکەین کە لەگەڵمانن و جێمانناهێڵن."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر "پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار" پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوەکو "کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات."
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە و تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کراوەتەوە "لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان."
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی کردووە بۆ ئەم پرسە و رایگەیاندووە، "یەکگرتوویی کورد و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا."
هەروەها باسی لەوەش کردووە کە هانی هەموولایەکیان داوە "بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن، ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ