رووداو - شنگال
بەهۆی جموجوڵی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا، بەتایبەتی لە گوندی ئوم زەیبان کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و سووریا، فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق داوادەکەن هێزی پێشمەرگە هەماهەنگییان لەگەڵدا بکەن لە ئەگەری هەر شەڕێکی نەخوازراو. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی جموجۆڵی داعش لە گوندەکانی ئوم زەیبان، ئوم جەریز و قەزای بەعاج، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێک بکەن.
لیوا تەحسین خەفاجی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عێراق دەڵێت "هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی پیشمەرگەو هەموو ئەو لایەنانە هەیە کە لەگەڵمان کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر".
نزیکەی سێ هەزار پێشمەرگەی فەرماندەی شنگال کە لە شەرفەدین و دەوروبەری دەمێننەوە، پەیوەندییان لەگەڵ ئەوان و سوپای عێراق هەیە و ئامادەن بۆ هەر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەک کە لە دەڤەرەکە هەبێت.
شەمۆ عیدۆ، ئامر فەوج لە فەوجی سێ لەسەر فەرماندەیی شنگال دەڵێت، هەماهەنگییان لەگەڵ هەموو ئەوانە هەیە و هەر کاتێک پێویست بێت وەکو پێشمەرگە دەچن و [لەگەڵ سوپای عێراق] بەرگری دەکەن.
هەفتەی پێشوو چوار کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە، دەستگیرکران. لە دەشتی نەینەوا فیرقەی 15 و 20ی سوپای عێراق لە سنووری شنگال دەمێننەوە و سێ لیوای پۆلیسی فیدراڵییش لە سنووری عێراق و سووریا دەمێننەوە.
فەرماندەکانی هێزی پێشـەرگە لە شنگال رایدەگەیێنن، هەرکاتێک هەماهەنگییان لەگەڵ سوپای عێراق هەبوو، ئەوان ئامادەن بە هاوبەشی قەزای شنگال هاوشێوەی پێش ساڵی 2014 بپارێزن.
.jpeg&w=3840&q=75)

