رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای ئیلام 96 زیندانی ئازاد کراون. بەڕێوەبەری دامەزراوەی خوێنبایی پارێزگاکە دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانەوە پارەیان بۆ کۆکراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 24-10-2026، موراد بابایی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی خوێنبایی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوەییەوە (21-03-2026)، بە هاوکاریی خێرخوازان، 96 زیندانی ئازاد کراون کە حەوتیان ژنن.
بەگوتەی موراد بابایی، ''تاوان''ـی ئەو بەنکراوانە بە ئەنقەست نەبووە و بڕی قەرزەکەیان نزیکەی 780 ملیار تمەن (زیاتر لە 290 هەزار دۆلار) بووە کە بەشێکی بۆیان کراوەتە قیست.
وەک بەڕێوەبەری دامەزراوەی خوێنبایی ئیلام دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانیشەوە راستەوخۆ 14 ملیار تمەن (زیاتر لە 52 هەزار دۆلار) کۆکراوەتەوە و قەرزی بەندکراوانی پێ دراوە.
موراد بابایی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا 114 بەندکراو لە زیندانەکانی ئیلامدان کە ''تاوان''ـەکانیان بەئەنقەست نین و چاوەڕێیی هاوکاریی خێرخوازان دەکەن، بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.
ئەو شێوە ئازادکردنە، زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لێی سوودمەند بن، کە بەهۆی ''تاوانەکان''ـیانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێبژاردن، خوێنبایی، قەرزی حکومی یان ناحکومییان لەسەرە.

