میدیای نزیک لە پەکەکە: دوو ئەندامەکەی پاسەوانی سنوور بە بۆردوومانی تورکیا کوژراون

24-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای نزیک لە پەکەکە قسەی بەرپرسانی پاسەوانی سنووری عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کوژرانی دوو سەربازەکەی پاسەوانی سنوور "لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا" بووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 24-01-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرووپێکی سەربازانمان لە گەڕاندا بوون لە سنوور. لەو شوێنە پەکەکە هەبووە و تەقەیان لێ کردوون، دواتر پێکدادان دروستبووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازمان کوژراون و یەکێکیش بریندار بووە".
 
لە بەرامبەردا، میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رایگەیاند، سوپای تورکیا لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر گەریلا لە سنووری باتیفا، بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی لە گوندی شیلانی سەر بە شارەکە کردووە.
 
میدیای نزیک لە پەکەکە دەڵێت، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا لەو سنوورە هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای تورکیا "بە هاوەن بۆردوومانی خاڵێکی هێزی پاسەوانی سنووری عێراقی کردووە، کە نزیکی شوێنی پێکدادانەکە بووە و لە ئەنجامدا دوو پاسەوان کوژراون و یەکێکیش بریندار بووە".
 
رووداوەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان گوندەکانی سۆریا و شیلان لە سنووری زاخۆ بووە. 
 
پێش راگەیێندراوەکەی میدیای نزیک لە پەکەکە، بەرپرسە باڵاکەی پاسەوانی سنوور بە رووداوی گوت: "ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدا دروستبووە، بنکەی پاسەوانی سنووری لێ نییە و ئەو سەربازانەیان لە گەڕانێکی ئاساییدا بوون".
 
ئەو سەربازانەی پاسەوانی سنووری عێراق گیانیان لەدەستداوە هەردووکیان کوردن بەناوەکانی عەلی رەمەزان ئیسماعیل و مێهڤان ناجی میرشەرەف، خەڵکی پارێزگای دهۆک؛ ئەوەشی بریندار بووە ناوی بێوار جەلیل ئیبراهیمە لە فریاکەوتنی زاخۆ چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی جێگیرە.
 
ئەفسەرێکی دیکەی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو شوێنە ناوچەی سنوورییە و چەندین بنکەی ئێمەی لێیە؛ بەرامبەرمان چەند بنکەیەکی سوپای تورکیا هەن. شەوی رابردوو سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر پەکەکە و ژمارەیەک کوژراویان هەبوو. ئەمڕۆ پەکەکە ئەو هێرشەی دژی ئێمە کردووە کە نازانین هۆکارەکەی چییە، چونکە هیچ کاتێک شەڕ لەنێوانمان نەبووە".
  
پاسەوانی سنووری عێراق- ناوچەی یەک، ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڵام سەربازەکانی ئەو هێزە لەو ناوچەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە