رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە راگەیاند. هەسەدەش دەڵێت، پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە.
ئەمڕۆ (شەممە، 23-11-2024) وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی پێنج شەڕڤانی لە ئەنجامی تۆپباران راگەیاند.
وەزارەتەکە دەڵێت، لە هەر دۆخێکدا بێت ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
ئەوە لە کاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی سێشەممە، 19-11-2024 بڵاویکردبووەوە، هێزەکانیان لە شەوی 18-11-2024 لە ناوچەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان، هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا پێنج سەربازیان کوشتوون و چواری دیکەشیان بریندار کردوون.
تورکیا، سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ـی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
هەروەها رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی ''چڵە زەیتوون'' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی، دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک دا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ