لە کرماشان بەهۆی کارگەیەکی ریسایکلینەوە پاشماوە پیشەسازییەکان بەکاردەهێنرێنەوە

23-11-2023
فواد حەقیقی
کارگەی ریسایکلینی پاشماوە پیشەسازییەکان لە کرماشان
کارگەی ریسایکلینی پاشماوە پیشەسازییەکان لە کرماشان
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەشێک لە دەروازەی شارەکان پاشماوەی پیشەسازییەکان فڕێدراون دیمەنی دەرەوە و ناوەوەیانی گۆڕیوە، تەنانەت ئەو دیاردەیە هەندێ جار لەنێو شارەکانیش هەن، بەڵام لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کارگەیەک دانراوە ئەو پاشماوانە لێک جیادەکاتەوە و ریسایکلینیان دەکەن و جارێکی دیکە بەکار دەهێنرێنەوە. 
 
کارگەی ریسایکلینی کرماشان، تاکە کارگەیە لەو شارە پاشماوە پیشەسازییەکان ریسایکلین دەکات، هایدە شێرزادی، بەڕێوەبەری ریسایکلینی کرماشانە لەبارەی کارگەکەوە دەڵێت، "کارگەکە ئەو پاشماوەیە وەکو باران ورد دەکات. دەکرێت ئەمە دیسان بگەڕێندرێتەوە و وردتر بکرێت جارێکی دیکە دەکرێنەوە ماددەی خاو."
 
رەنگە خەڵک پێیان وابێت ئەم پاشماوانە ئیدی کەڵکیان نییە، یان بەهۆی ئەوەی قازانجێکی بۆیان نییە، فڕێیان دەدەن، بەڵام دەتوانرێت نزیکەی 90٪ـی ریسایکلین بکرێن و لە زۆر بواردا بەکاربهێنرێنەوە.
 
بەڕێوەبەری ریسایکلینی کرماشان، دەشڵێت، "ئەو پاشماوەیە دەکرێتەوە ماددەی خاوی وەکو چەو و لم، کە بۆ ژێرخانەکان و دروستکردنی رێگاوبان بەکاردێن، هەروەها بۆ دروستکردنی بلۆک، واتە هیچ شتێکی زیادە نییە. خشتەکانیش بۆ سێ شت بەکاردێن، یان دەدرێنەوە کارگەکانی خشت، هەندێکیان بۆ یاریگەکان بەکاردێن، تایبەتمەندیی خشت ئەوەیە کە تەڕایی دەپارێزێت، بەتایبەت بۆ ناوچە کەمئاوەکانی وەک ئێمە. ئەگەر نیو مەتر خۆڵی خشت بڵاوبکەیتەوە و پاشان خۆڵی بەسەردا بکەیت و لەو خاکەدا گوڵ بچێنیت، رێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ نیوە کەم دەکاتەوە."
 
بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵانە 80 ملیۆن تۆن پاشماوەی بیناسازی فڕێ دەدرێت، ئەگەر هەر تۆنێک 50 دۆلار بکات، نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتی شارەوانی کرماشان، رۆژانە لەنێوان سێ تاوەکو چوار هەزار تۆن پاشماوەی بیناسازی لەو شارەدا فڕێ دەدرێت. مەزەندە دەکرێت لە سێ دەیەی رابردوودا تەنیا لە کرماشان نزیکەی 40 ملیۆن تۆن پاشماوەی بیناسازی فڕێدرابێت کە رووبەرێکی نزیکەی 20 تاوەکو 30 هێکتاری داگیر کردووە.
 
ئەم پاشماوانە هۆکارێکن بۆ پیسکردنی ژینگە. لەلایەک زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیێنن و بەرهەمیان نابێت، لەلایەکی دیکەشەوە لێکەوتەی تەندروستییان دەبێت، جۆرێک مێشوولە لەو پاشماوانە دروست دەبن، بە خەڵکەوە دەدەن و تووشی نەخۆشیی پێستیان دەکەن. هەروەها ئەگەر لەنێو ماڵاندا فڕێ بدرێن دەبنە پەناگەی زیندەوەرە جیاوازەکان. 
 
هەندێجار ئەو پاشماوە پیشەسازییانە لەسەر رێگەی هاتووچۆی خەڵک فڕێدەدرێن، ئەمەش لەمپەر لەبەردەم هاتووچۆیان دروست دەکەن.
 
لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودا بڕێکی زۆری پاشماوەی بیناسازی فڕێ دەدرێت. هۆکاری ئەمەش نوێکردنەوەی بینا کۆنەکان و دروستکردنی بینای نوێیە. بەڵام ئەگەر ریسایکلین نەکرێن ئەم پاشماوانە هەناسەی شارەکان تەنگ دەکەن و جوانییان لەنێو دەبەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.