پارتی و یەکێتی: ئامادەین بۆ کۆبوونەوە

23-11-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەنێن. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "لەم رۆژانەدا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە". ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت: "ئەگەر پارتی بڕیارێکی وا بدات، هەنگاوێکی باشە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-11-2022، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم رۆژانەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە و پارتی ئامادەیە.
 
هیوا گەیلانی گوتی: "کات دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەکە، بەڵام لەم رۆژانە دەبێت و هەنگاوی یەکەمی کۆبوونەوەکان لە ئاستی مەکتەبی سیاسی دەبێت".
 
هاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر پارتی بڕیارێکی وا بدات، هەنگاوێکی باشە. بێ رێککەوتن میللـەت زەرەر دەکات، بۆیە ناچارین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە هاوکات بەرپرسی یەکەی 70ی پێشمەرگەشە، ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا ناوچەکە دەکوڵێی، بۆیە دەبێ دابنیشین بۆ چارەسەر، هەردوولا کەم و زۆر لە داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە و لە ئاستی سەرکردایەتی بەیەکەوە دابنیشن و لە راگەیاندن پەیام بۆ یەکدی نەنێرن."
 
لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش مستەفا چاوڕەش گوتی: "ئێمە بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە هەموو کارەکان دەکەین، بەڵام تاوەکو سەرکردایەتیی سیاسی هەنگاو نەنێن سوودی نابێت."
 
رۆژی 17.11.2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی پانێڵێک لە سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی رایگەیاند: "ئەگەر وەکو پارتییەک قسە بکەم نەک وەزیری ناوخۆ، راستییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەو لایەنە سیاسییەی کە کێشەی هەیە، پێویستە بزانین کێشەی لەگەڵ چی هەیە؟".
 
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "ئێستاش تێناگەین کێشەی برادەرانی یەکێتی لەگەڵ پارتی چییە؟ ئەگەر کێشەیەکی دیاریکراوی سیاسی هەیە، دەبێت بە ئێمە بگوترێت. ناکرێت لە راگەیاندنەکانەوە گلەیی لە پارتی بکرێت لەکاتێکدا لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا باسی هیچ کێشەیەک ناکرێت".
 
هەر لە پانێڵەکەدا مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی هەمان پرسیاری دایەوە و رایگەیاند: "مەترسییەکی ئەوتۆ نابینم کێشەکان جارێکی دیکە سەربکێشن بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵکو زەمینەی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەیە".
 
بەبڕوای مەلا بەختیار، یەکێتی ئەگەر گلەیی لە پارتی هەیە، با بێن لەگەڵ پارتی دابنیشن و گلەیی بکەن، ئەگەر گلەیی لە حکومەت هەیە با لەناو حکومەت دابنیشن و گلەیی بکەن.
 
مەلا بەختیار دەڵێت: "من خەفەت دەخۆم بەو کێشانە، ئەگەر پارتی لەسەر حەق بێت یان یەکێتی حەق بێت، ناحەقییەکە لەوەدایە نەتوانن رێکبکەون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە