دڵشاد شەهاب: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بۆ جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بوو

23-11-2022
گۆڤەند مستەفا
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە و پێشاندانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووە بۆ سەرخستنی کابینەکەی سوودانی.
 
رێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2023، رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز، هاوئاهەنگیی ئەمنیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو هەڕەشانەی دەکرێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان، بە گوتەی راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-11-2022، دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی دهۆک و دوای بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەکەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی فەرمییان هەبوو بۆ بەغدا، بەرنامەی سەردانەکەیان مابوو. بەڵام بە مەبەستی بەشداریکردن لەگەڵ خەڵکی شاری دهۆک و کەسوکاری قوربانییان، کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە پرسەکەیان بەشداربێت. ئامانجیش نیشاندانی خەمخۆریان و پشتیوانییە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی ئەو رووداوە".
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، داوا لە پارێزگاری دهۆک کراوە، هەر شتێک پێویست بێت بۆ بریندارەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست، چونکە حکومەت هەڵوەستەیەکی جیددی کردووە بۆ بەدواداچوون لەسەر گرفتی ئەو رووداوە چ لە دهۆک و چ لە سلێمانی، دەبێت مەرجی پاراستنی سەلامەتیی گشتی دابین بکرێت بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەک بۆ هەر مەبەستێک غاز بەکاربهێنێت دەبێت پشتڕاست بێت، چاودێریی ئەو بابەتە دەکرێت و حکومەتیش بەجیددی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات.
 
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دڵشاد شەهاب، گوتی: "ئەو کابینەیە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش لەنێوان لایەنەکان پێکهێندراوە، کە لایەنە سەرەکییەکانی کوردستانیش تێدا بەشدار بوون، بەرنامەیەک دانراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە. ئەو بەرنامەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسندکراوە و دەنگی لەسەر دراوە، داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە".
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی: "بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە و پێشاندانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی کابینەکەی بەڕێز سوودانی، بۆ ئەوەی دەرگەیەک بکرێتەوە، چونکە ئەو رێککەوتنە وادەیەکی بۆ دیاریکراوە، هەم بۆ رێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2023، رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز، بۆ هاوئاهەنگیی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەسەرێک بۆ ئەو هەڕەشانەی دەکرێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
 
سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیش بۆ بەغدا، دڵشاد شەهاب گوتی: "خۆشبەختانە هەموو ئەو لایەنانەی لەو سەردانە بیندران بەڕێز سەرۆککۆمار، بەڕێز سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری، وەزیرە کاریگەرەکانی حکومەت، وەزیری پلاندانان، وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی، وەزیری نەوت. لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش گفتوگۆی جیددی کرا لەسەر ئەوەی پێکەوە بگەینە وەرەقەیەکی هاوبەش بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی بەڕێز سوودانی و هەم بۆ زامنکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەو رێککەوتنەدا هەیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە