منداڵێکی ساوا بەهۆی 'بایکۆتی کارمەندانی تەندروستیی سەیدسادقەوە' گیانی لەدەستدا

23-09-2023
سازگار سەڵاح
 یوسف هەورامانی تەمەن دوو مانگ لەڕێگەی سلێمانی گیانی لەدەستدا
یوسف هەورامانی تەمەن دوو مانگ لەڕێگەی سلێمانی گیانی لەدەستدا
نیشانەکردن کۆچبەران سووریا پەنابەری سووریایی لوبنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی ساوا بەناوی یوسف هەورامان کە تەمەنی دوو مانگ بوو، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە پێش ئەوەی لە سەیدسادقەوە بگەیێنرێتە سلێمانی، گیانی لەدەستدا، کەسوکاری دەڵێن منداڵەکەیان بەهۆی بایکۆتکردنی کارمەندانی تەندروستیی سەیدسادق و وەرنەگرتنی چارەسەر لەکاتی پێویست، گیانی لەدەستداوە.
 
یوسف هەورامان دووەم منداڵی باوک و دایکی بوو، خوشکێکی هەیە تەمەنی سێ ساڵە، لەسەر رووداوەکە، مامی یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت "یوسف پەتایەکی قورسی گرتبوو، هەناسەی بۆ نەدەدرا و پێویستی بە ئۆکسجین بوو، کاتێک بردمانە نەخۆشخانەی سەیدسادق، جگە لە پاسەوانەکان، پزیشک و کارمەندی لێنەبوو، بۆیە بردمانە نەخۆشخانەی عەربەت، ئەوانیش بایکۆتی دەوامیان کردبوو، لەڕێگەمان بەرەو سلێمانی، برازاکەم گیانی لەدەستدا." 
 
لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سەیدسادق 450 پزیشک و کارمەند کاردەکەن، کە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە، هاونیشتمانییان روو لە نەخۆشخانەی دەرەوەی شارەکەی خۆیان دەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
 
کەسوکاری یوسف تەرمی منداڵەکەیان نەبردووەتە دادپزیشکی سلێمانی بۆ زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانی، تاوەکو ئێستاش سکاڵایان تۆمارنەکردووە. 
 
ئاريان حەسەن، مامی منداڵەکەیە و دەڵێت، "دوو ڕۆژ بوو یوسف تەندروستی تێک چووبوو، کاتێک بردمانە نەخۆشخانەی سەیدسادق و عەربەت، پزیشکان بایکۆتی دەوامیان کردبوو، دواتر بردمانە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی و لەوێ پێیان گوتین، گیانی لەدەستداوە." 
 
لە سنووری قەزای سەيدسادق، نەخۆشخانەیەكی 24 كاژێری و سێ‌ مەڵبەندی تەندروستی و 16 بنكە هەن، کۆی گشتی کارمەندەکان نزیکەی 450 کەسن، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، ماوەی دوو هەفتەیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە