ئەو منداڵە کوردەی رۆناڵدۆی بینی گیانی لەدەستدا

41 خولەک له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاواری تەمەن پێنج ساڵان، ئەو منداڵە کوردەی تەوقەی لەگەڵ رۆناڵدۆ کرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە هەموو جەستەیدا، ئەمشەو گیانی لەدەستدا.
 
هۆزان یوسف، باوکی ئاوار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی مانگێکە پزیشکەکان بێهیوایان کردبووین، چونکە شێرپەنجە بە هەموو جەستەیدا بڵاوببووەوە. ئەمشەویش، سێشەممە، 23-7 لە ماڵی خۆیان گیانی لەدەستدا. 
 
ئاوار خەڵکی شارۆچکەی دێرکە لە پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. سێ ساڵ بوو تووشی شێرپەنجەی گورچیلە ببوو. چوون بۆ قوتابخانە و بینینی رۆناڵدۆ دوو ئاواتی گەورەی ئاوار بوون کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە نەیتوانی بچێتە قوتابخانە، بەڵام لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا توانی رۆناڵدۆ ببینێت و تەوقەی لەگەڵدا بکات. 
 
ئاوار لە ئەڵمانیا داوای لە تیمی پزیشکی کرد کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینێت، باوکی ئەوکات بە رووداوی راگەیاند، "ئەوان و چەند رێکخراوێک هاوکار بوون و چووین و رۆناڵدۆمان بینی. ئاوار داوای کرد تەوقەی لەگەڵ بکات و ئەویش کەمێک ماندوو بوو و هیچ قسە و گفتۆیەک لەنێوانیاندا نەکرا، بەڵام کریستانۆ زانی ئێمە کوردین و خەڵکی دێرکین، تیمی پزیشکی پێیان گوتبوو، ئێمە کوردی سووریاین."
 
چیرۆکی نەخۆشییەکەی ئاوار
 
 
خانەوادەی ئاوار لە ساڵی 2013 زێدی خۆیان بەجێهشت و لە دهۆک نیشتەجێبوون. 
 
دوو رۆژ پێش ئەوەی تەمەنی ئاوار ببێتە دوو ساڵ، تای بەرزدەبێتەوە و ژێر قورگی ئەستوور دەبێت، سەرەتا پزیشکەکان نەیانزانیوە چیەتی، دوای دوو هەفتە ئەنجامی پشکنینەکانی لە شامی پایتەختی سووریا دەریدەخەن تووشی شێرپەنجە بووە.
 
سوعاد عەلی، دایکی ئاوار باسی ئەوە دەکات بۆ ماوەی هەشت مانگ لە باشووری کوردستانەوە "دەچوومە دێرک، 25 کاژێر بەڕێ دەبووم تاوەکو دەگەیشتمە شام. کوڕەکەم کەم کەم بەرەو چاکبوونەوە دەڕۆی، بەڵام شەوێک دیسان تای بەرز بوو و بردمەوە نەخۆشخانە. دواتر باوکی ناچار بوو بێتە ئاڵمانیا، چونکە زۆربەی دکتورەکان بە ئێمەیان گوت چارەسەری کوڕەکەتان لە ئەڵمانیا هەیە."
 
باوکی ئاوار ساڵی 2022 رێگەی سەختی کۆچبەری گرتەبەر، بەو هیوایەی بگاتە ئەڵمانیا و چارەسەر بۆ کوڕەکەی بدۆزێتەوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر، توانی مانگی 10ـی 2023 هاوژین و منداڵەکانی بهێنێتە لای خۆی، بەڵام ئیدی بۆ ئاوار زۆر درەنگ بوو.
 
ئاوار سێ برای گەورەتر لە خۆی هەیە. ئەو خێزانە ئێستا لە خانوویەکی دوو ژووری لە شارۆچکەی ڤیتزلا دەژین کە حکومەتی ئەڵمانیا بۆی دابین کردوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە