رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا دەکەن تەندروستییان جێگیر نییە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە 15.6٪ واتە سێ هێندەی رێژەی سنوورداری تووشبووان کە نابێت لە 5٪ زیاتربێت.
دکتۆر یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تووشبوون بە پەتاکە زۆرە و هۆکارەکەیشی بۆ پابەندنەبوونی هاونیشتمانیان بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە گەڕاندەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شاریش لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، بارودۆخەکە زۆر خراپە و شوێن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا نەماوە.
ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەڵێت، "ژمارەی ئەوانەی لە دۆخێکی خراپیی تووشبوون بە کۆرۆنا بوون وایکردووە، لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا شوێن بۆ تووشبووان نەمێنێت. لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن..دۆخەکە تێیدا وایە کە جێگەی نەخۆش نەماوە و دەبێت چاوەڕێ بکەین نەخۆشێک دەربچێت ئەو کاتە نەخۆشێکیان بۆ بنێرین. ئەمە جگە لەو نەخۆشانەی باری تەندروستیان تاوەکو رادەیەک جێگیرە و رێژەی ئۆکسجینیان جێگیرە ئەوانەمان ناردووەتە ماڵەوە و لەژێر چاودێریدان."
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەراورد بە مانگی رابردوو، دۆخەکە مەترسیدارە و تووشبوون بە کۆرۆنا و مردن بەو هۆیەوە زیادیکردووە.
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی رۆژانەی پشكنینە پۆزەتیڤەکان لە 5٪ـەوە بۆ 15٪ زیادیکردووە و مردنیش بە هەمان هۆکار لە بەرزبوونەوەدایە.
بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانیش بە کۆرۆنا لە هەولێر وایکرد، جارێکی دیکە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بۆ کۆرۆنا تەرخانبکرێتەوە.
کاروان یاسین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەتنی رۆژئاوا لە هەولێر دەڵێت، "بارودۆخەکە وایکرد وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ناچاربێت دەستبەرداری هەم هەموو خزمەتە بێت و نەخۆشخانەکە تایبەت بکات بە تووشبووانی کۆرۆنا، کەواتە ترسناکییەکە راستییە و زۆر رژدیشە."
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆکیش بە رووداوی گوت، 38 کەس لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان و 128 تووشبووش باری تەندروستییان جێگیر نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەش دەڵێت، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا رووی لە زیادبوونە.
تەندروستیی کەرکووکیش هۆشداریدەدات کە ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، کەرتی تەندروستی لە پارێزگاکە دادەڕمێت.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "من هیچ دڵنیاییەک نادەم کە رۆژانی داهاتوو تەندروستیی کەرکووک داناڕمێت، نەک تەنیا کەرکووک بەڵکو هەموو پارێزگاکانی دیکەش لە ژێر هەڕەشەی داڕمانی کەرتی تەندروستیدان، هۆکارەکەشی پابەندنەبوونی خەڵكە بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە. لە زۆر شوێن و ناوچە کۆبوونەوە و قەرەباڵخی هەیە، خەڵک دەمامک نابەستن و دەستیان خاوێن ناکەنەوە، تەنانەت لە بابەتی ڤاکسینیش ماوەی پێنج مانگە لە کەرکووک تەنیا 41 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە".
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 209 هەزار و 220 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 648 تووشبوو مردوون و 189هەزار و 481 تووشبوو چاکبوونەتەوە، هاوکات 15 هەزار و 91 تووشبووش چارەسەر وەردەگرن.

