میری کوردانی ئێزدی: هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ هەموو پێکهاتەکان و ئێزدییەکانیش رەخساندووە

23-04-2025
نەهرۆ محەممەد
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میری کوردانی ئێزدی نزای نیشتمانیی بە رۆژێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان ناوبرد و رایگەیاند، ئەزموونی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ هەموو پێکهاتەکان، بە ئێزدییەکانیشەوە رەخساندووە، کە لە دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەماندا بەشداربن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی "رۆژی نزای نیشتمانی" بە درووشمی "بەرەو یەکبوون لە باوەڕدایە" دەستیان پێکرد.
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەشداری نزیکەی 600 سەرکردە و بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و وڵاتان دەستیپێکرد.
 
لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەکەدا میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لەو بۆنە گرنگە دەربڕی و رایگەیاند، "لەم رۆژە مێژووییەدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەموومان لەپێناو کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کۆبووینەتەوە."
 
میری ئێزدییان جەختی لە گرنگی ئەو رۆژە و نوێژ و نزای هاوبەش کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و پتەوکردنی بنەماکانی برایەتیی مرۆڤایەتی. دووپاتیشی کردەوە، پێویستە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتە ئایینی، نەتەوەیی و ئایینزاکانی کوردستان بەهێزتر بکرێت.
 
میر حازم بەگ ئاماژەی بەوەدا کە ئەزموونی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەباتی گەلەکەیەتی کە ساڵانێکی دوورودرێژ بەرگەی ستەم و بێبەشکردنی رژێمی پێشوویان گرتووە.
 
روونیشیکردەوە کە ئەم ئەزموونە دیموکراسییەی هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ هەموو پێکهاتەکان، بە ئێزدییەکانیشەوە رەخساندووە، کە لە دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەماندا بەشداربن، مافە دەستوورییەکانیان پیادە بکەن و ناوەندی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە.
 
گوتیشی، "ئەمە وایکردووە ئێزدییەکان باشتر لە جاران بتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن، بە ئازادی و لە ژێر سایەی دانایی سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دا، سرووتە ئایینییەکانیان ئەنجام بدەن. هەروەها یارمەتیدەر بووە لە ناساندنی کۆمەڵگە و ئایینی ئێزدی و راستکردنەوەی تێگەیشتنی هەڵە."
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، میری ئێزدییان ستایشی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا کە رۆڵیان گێڕاوە، لە چەسپاندنی پرەنسیپەکانی برایەتی مرۆڤایەتی، پێداگری لەسەر پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی لێبووردەیی و هاوشانی، کە وایکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەک بۆ فرەئایینی و فرەنەتەوەیی و شوێنێک کە هاووڵاتی تێیدا هەست بە شکۆ و مافی خۆی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە