رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە پارەیەکی زۆری هەرێمی کوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمام و دار و گوڵی سرووشتی، هەروەک بەرپرسێکی حکومی لە بەرنامەکەدا ئاشکرای دەکات، ساڵانە لانیکەم 22 ملیۆن دۆلاری کوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمام و دار و گوڵی سرووشتی، لەکاتێکدا جگەلە نەمامەگە ئەهلییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ 30 نەمامگەی هەیە، دەکرێت لەو نەمامگانەوە وەبەرهێنانێکی باشتر لە دار و نەمام و گوڵی سرووشتیدا بکرێت.
لەم بەرنامەیەدا هانی سەرمایەداران درا وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکەن، نوێنەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵیش لە بەرنامەکەدا دڵنیایی ئەوەیدا، ئەگەر بازرگانێک ملیۆنێک دۆلار لەو کەرتەدا خەرج بکات، ئەوا سێ ملیۆن دۆلار وەردەگرێتەوە.
ساڵانە رێژەی هاوردەکردنی نەمام و دار و گوڵی سرووشتی لە هەڵکشاندایە، بەجۆرێک وەک بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی دەکات، لە پێنج ساڵدا 56 ملیۆن نەمام و داری جوانکارییان هاوردە کردوە، وەبەرهێنێکی گوڵی سرووشتی کە رەنج سەنگاوی پێشکێشکار بە پیاوی گوڵ ناوی برد، ئەوەی خستەڕوو گەر هاوکاری بکرێت دەتوانێت لە ماوەی سێ ساڵدا بەشی هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوڵ بەرهەمبێنت.
خاوەن نەمامگەیەکی سلێمانیش کە لە بەرنامەکەدا میوان بوو جەختی لەوە کردەوە، بازرگانیکردن لە تۆوی گوڵەکاندا لە بازرگانیکردن لە نەوت کەمتر نییە. خاوەن نەمامگەیەکی دهۆکیش باسی لەو نادادییە کرد کە لە دابەشکردنی زەویدا بۆ خاوەن نەمامگەکانی ئەو پارێزگایە کراوە. راوێژکارێکی کشتوکاڵیش ئەوە دەخاتەڕوو لە جیاتی هاوردەکردنی ئەو هەموو نەمام و دار و گوڵە سرووشتییانە لە دەرەوە، دەکرێت لە نێوخۆدا وەبەرهێنانی تێدا بکرێت. ئەو راوێژکارە دەڵێت: "لە پیرمام تاوەکو حاجی ئۆمەران باشترین شوێنە بۆ بەرهمێنانی نەمام و دار".
لایەنێکی دیکەی بەرنامەکە باسکردنی ئەو جۆرە دارانە بوو کە هاوردەکرنیان بەپێی یاسا قەدەخەیە وەک داری خورما، زەیتوون، واشنتۆنیا و مزرەمەنییەکان، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو هاوردە دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان رێگەیان بە هاوردەکردنی ئەو جۆرە دارانە نەداوە.
'پیاوی گوڵ'
وەک خۆی دەڵێت، لە تەلەڤزیۆنەوە قوتابخانەی دیوە یەک رۆژ نەیخوێندوە، بەڵام بەقەدەر دوو دکتۆر لە گوڵ دەزانێ، رۆژانە لەگەڵ رەگی گوڵەکان قسە دەکات. رەنج سەنگاوی بە پیاوی گوڵەکە لە بەرنامەکەدا دەیناسێنێ، ئەو کە بازرگان و وەبەرهێنەری بواری گوڵە، خەفت بۆ ئەوەش دەخوات، لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان و کارکردن لە گوڵی سروشتیدا زۆر کەمە، هەر بۆیە تەنیا لە رۆژی خۆشەویسی 14ی مانگی دووی ئەم ساڵ، 9 ملیۆن دۆلار کوردستان چووەتە ئەفریقا بۆ کڕینی گۆڵ. "ئەگەر هاوکاریم بکرێت، دەتوانم لە ماوەی سێ ساڵدا بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوڵ بەرهەمبهێنم،" ئەوە قسەیەکی دیکەی سدقی ئیبراهیم بوو لە بەرنامەکەدا.
هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر 100 هەزار مەتر زەوی کوردستان، بکرێتە گوڵەباخ ئەوا پێداویستی هەموو عێراق لە گوڵەباخ دابیندەکەن، ئەو گوتیشی "باشترین خاک و کەشوهەوامان بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ هەیە". سدقی ئیبراهیم ئەوەش دەخاتەڕوو، هیچ وڵاتێک نییە بتوانێ هەموو جۆری گوڵەکان بەرهەمبهێنێ، "هۆڵەندا کە بەناوبانگە بە گوڵ هەموو گوڵەکان بەرهەم ناهێنێ".
'باشترین جۆری بازرگانییە'
سدقی ئیبراهیم، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی گوڵ و نەمام بوو ئاماژەی بەوەدا ئیشکردن لە کاری گوڵدا باشترین جۆری بازرگانییە، سدقی ئیبراهیم شانازی بەوەش دەکات کە کورد یەکەم نەتەوە بووە لە ئەشکەوتی شانەدەر بەبێ هیچ ترسێک وەک جۆرە خۆراکێک گوڵی خواردووە ئەمەش وەک ئەو گوتی: "بەڵگەی ئەوەیە لە کۆنەوە باوانمان مامەڵەیان لەگەڵ گوڵ کردووە".
سدقی ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە بەرهەمهێنانی گوڵ هێندە کارێکی قورس نییە تاوەکو نەتوانین ببینە وڵاتێک بۆ بەرهەمهێنی گوڵ. ئەو گوتی: "ئێستا لە بەرهمهێنانی گۆڵدا ئەفریقا وەک هۆڵەندا بەنێوبانگ بووە، بۆیە دەکرێت ئێمەش ئەو هەنگاوە بنێین، لانیکەم دەتوانین بەشی وڵاتی خۆمان بەرهەممان هەبێت لەکاتێکدا لە هیچمان کەم نییە. خاک و ئاویش بەشی ئەوەمان هەیە کە بتوانین ببینە بەرهەمهێنەری گوڵ. پیاوی گوڵ، ئەوەشی ئاشکرا کرد وەبەرهێنانیان لە گوڵێکی شاخدا کردووە ناویان ناوە (گوڵی زەنگوڵ) "ئەو گوڵە 40 رۆژ لە ئاودا دەمێنێتەوە".
بەپێی لێکدانەوەکانی سدقی ئیبراهیم، مرۆڤ چاوی بە گوڵ بکەوێت دڵی پێدەکەنێ، ئەو بەوەش دڵخۆشە کە دەستەی وەبەرهێنان هاوکارێکی باشن بۆ ئەوەی سەرمایەداران لەو کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن. لە کۆتایی قسەکانی سدقی ئیبراهیم ئومێدی خواست، وەبەرهێنان لەبواری گوڵ زۆر بکرێت هەروەک گوتی "ئەگەر ئەوە کرا بەدڵنیاییەوە نرخیشی زۆر هەرزان دەبێت."
ساڵانە 22 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی نەمام و دار
هەڵکەوت دووکانی، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ وەک میوانێکی بەرنامەکە دەستخۆشی لە هەڵبژاردنی مژاری بەرنامەکە کرد و وەک پرسێکی هەستیار پێناسەی کرد، چونکە وەک دەڵێت: "ساڵی 22 ملیۆن دۆلاری کوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمام و داری جوانکاری، ئەو ژمارەیەش لەوەوە هاتووە لە پێنج ساڵدا 56 ملیۆن نەمام و داری زینەمان هاوردەی هەرێمی کوردستان کردوە".
هەڵکەوت دووکانی جەخت لەوە دەکاتەوە، پسپۆڕی گوڵ و داری زینە هیچی لە پسپۆڕی پزیشکی کەمتر نییە وەک ئەو بوارە گرنگە، ئەوەشی روونکردەوەکە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بەرهەمهێنانی گوڵ دەستیپێکردوە. ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەش ناشارێتەوە لەو 30 نەمامگەی وەزارەتی کشتوکاڵ هەیەتی، نەیاتوانیوە وەکو پێویست سوودی لێببینن ئەو گوتی: "30 نەمامگەی حکومی هەیە ناتوانین بیاندەینە کرێ، ناشتوانین وەکو پێویست کاریان تێدا بکەین ئەمەش پەیوەندی بە کەمی مووچە و خانەنشین بوونی بەشێک لە فەرمانبەرانەوە هەیە، جگە لەوە لە بۆنە و پشووەکاندا ناتوانین ئاگامان لە نەمامگە حکومییەکان بێت، چونکە فەرمانبەر مافی وەرگرتنی پشووی هەیە". لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەشدا هەڵکەوت دووکانی ئەوەی خستەڕوو، 50 دۆنم زەوییان لە کەسنەزانی نزیک هەولێر کردووە بە زیتوون لە سەروچاوە و دهۆکیش بە هەمان شێوە پڕۆژەی هاوشێوەی ئەوەیان هەیە. ئەو گوتیشی: "20 هەزار نەمامی زەیتوان لە دۆڵپەی نزیک هەولێر دەچێنین تاوەکو ئێستا 11 هەزاریمان چاندووە".
وەبەرهێنانی کشتوکاڵی 2% بۆ 10% بەرز بووەتەوە
نوێنەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ئاشکرا کرد، وەبەرهێنانی بواری کشتوکاڵی لە 2% بۆ 10% بەرز بووەتەوە، ئەوەشی بە هەنگاوێکی گەورە پێناسە کرد و گوتیشی: "ئێمە وەک وەزارەت دەخوازین وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ زۆر بێت، دەرگامان بۆ هەموو ئەوانە ئاوەڵایە کە وەبەرهێنان لە بوارێکی کشتوکاڵی دەکەن."
هەندێ داری وەک مزەرەمنییەکان، زەیتوون، خورما و واشنتۆنیا هاوردەکردنیان قەدەخەیە، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بوونیان هەیە، ئەگەر تێبینی بکەیبن لە بەشێکی شەقامەکان داری واشنتۆنیا وەک دارێکی جوانکاری روونراون، بەڵام هەڵکەوت دووکانی رەتی دەکاتەوە، ئەوان مۆڵەتی هاوردەکردنی ئەو جۆرە دارانە بدەن کە هاوردەکردنیان بەپێی یاسا قەدەخەیە و دەشڵێت: "ئەو دارە قەدەخەکراوانە جا داری خورما، زەیتوون و واشنتۆنیا یە یاخود مزرەمەنییەکانە بەهیچ جۆرێک ئێمە مۆڵەتی هاوردەکردنیمان نەداوە". لەبارەی هۆکاری قەدەخەکردنیان نوێنەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی روونکردەوە: "بەهۆکاری ئەوە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی هاوردەکردنیان بەپێی یاساکانی عێراق قەدەخە کراوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، هەڵکەوت دووکانی ئەوەی خستەڕوو هەر کەسێک لە بواری گوڵ و نەمام و داری جوانکاری کار بکات، هەموو جۆرە ئاسنکارییەکی بۆ دەکەن و گوتیشی: "با سەرمایەداران ئەوە بزانن ملیۆنێک دۆلار لەم کەرتدا خەرج بکەن، سێ ملیۆن دۆلار وەردەگرنەوە، داوا لە خاوەن نەمامگەکانیش دەکەن، بۆ فراوانکردنی کارەکانیان چاوەڕێی هیچ لایەک نەکەن خۆیان زەوی بکڕن".
گوڵێکی لە قەبارەی دەموچاوی مرۆڤ گەورەتر
"گوڵێکمان بۆ سلێمانی هێناوە لە قەبارەی دەموچاوی مرۆڤ گەورەترە". دانا عەبدولقادر، خاوەنی نەمامگە لە سلێمانی بەو جۆرە دەستی بەقسەکانی کرد و گوتی: "بازرگانی تۆوی گوڵ لە بازرگانی نەوت کەمتر نییە، ئەم کەرتە هیچی کەمتر نییە لە نەوت، بەڵام رێکخستنێکی باشی دەوێت". گرفتی هەرە گەورەی خاوەن نەمامگەکان نەبوونی زەوی پێویستە بۆ فراوانکردنی کارەکانیان. دانا عەبدولقادر لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر حکومەت بودجەی نییە خۆ زەوی هەیە پێمان بدات و بیکەینە نەمامگە". گواستنەوەی نەخۆشی لە رێگای رووکی هاوردە یەکێکە لە گرفتەکانی خاوەن نەمامگەکان ئەو خاوەن نەمامگەیەی سلێمانی ئەوە ناشارێتەوە کە زۆرجا لە رێگای رووەکی هاوردە نەخۆشی کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە، ئەو دەڵێت: "لە ئێران و سووریاوە نەخۆشی رووکمان لە رێگای گڵەوە بۆ دێت، بۆیە دەبێت وردبینی لەوبارەیەوە باشتر بکرێت".
بەپێتی و زۆری خاکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ و نەمام و داری جوانکاری شتێکی شاراوە نییە، لەوبارەیەوە دانا عەبدولقادر بەنموونە باسی وڵاتی هۆڵەندا دەکات، کە بەناوبانگە بەگوڵ، لەکاتێکدا خاکی کەم، "بەڵام ئێمە لە کوردستان خاکی بەکارنەهاتوومان زۆرە، بۆیە دەکرێت بۆ بەرهمهێنانی گوڵ لە هۆڵەندا باشتر بین". خاوەن نەمامگەکان بەپێی توانای خۆیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە نوێگەری لە ئیشوکارەکانیاندا بکەن، دانا عەبدولقادر یش وەک خاوەن نەمامگەیەک هەوڵێکی لەو جۆرەی هەبووە ئەو دەڵێت "بەرهەمهێنانمان لە گوڵی نازنازی کێویدا کردوە، جگەلەوە لە 2014دا 65 رەنگی جیاوازی گوڵمان هێنا وەبەرهێنانمان تێدا کرد".
زەوی بۆ نەمامگە دابەشکراوە 'کراوەتە قومارخانە'
کاروان مەجید، خاوەنی نەمامگە لە دهۆک وەک یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەکە باسی لەوە کرد، لە سنووری دهۆک 80 پارچە زەوی دراوەتە ئەندازیارانی کشتوکاڵی تاوەکو بیکەنە نەمامگە و وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکەن، بەڵام زۆرینەی ئەوانە فرۆشراونەتەوە و وەکو پێویست سوودیان لێنەبینراوە، کاروان مەجید دەڵێت: "لە دهۆک نزیکەی 10 نەمامگەی فیعلی ماوەتەوە، ئەوانی دیکە بوونەتە باخی تایبەتی تەنانەت پێشتر نەمامگە هەبووە کرابووە قومارخانە".
ئەو خاوەن نەمامگەیە ئەوەش دەخاتەڕوو، 60% نەمامگەکانی دهۆک لە دەرەوە گوڵ و نەمام دەهێنن ئەو گوتی "من وەک خۆم 30% نەمامگەکەم بەرهەمی خۆمە ئەوانی دیکە هاوردەیە نەمامگەکانی دیکەش هەر بەو جۆرن".
ئەو خاوەن نەمامگەیە داواکارە حکومەت زەوییان بۆ دابین بکات، تاوەکو پەرەی باشتر بەکارەکایان بدەن. کاروان مەجید دەشڵێت: "بەداخەوە هیچ جۆرە هاوکارییەک بۆ خاوەن نەمامگەکان نییە.
تەنانەت کە گوڵیش هاوردە دەکەین پارەیەکی زۆری گومرگمان لێوەردەگرن، خەرجی بارێک گوڵ کە لە تورکیاوە کە دێت نزیکی 5 هەزار دۆلارە، ئەوە وادەکات نرخی گوڵی سروشتی گران بێت".
لە کۆتایی قسەکانی خاوەن نەمامگەکەی دهۆک داوا دەکات بۆ رێگریکردن لە هەموو پارەیەی دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی گوڵ و نەمام، حکومەت هاوکاری خاوەن نەمامگە نێوخۆییەکان بکات.
'٪40ـی خەڵک لە کڕین و گوڵ و نەمام دەخەڵەتێنرێن'
زەردەشت عەبدولوەهاب کە وەک راوێژکارێکی بواری کشتوکاڵ لەبەرنامەکەدا بەشداربوو، باسی لەوە کرد 40% خەڵک لە کڕین و گوڵ و نەمام دەخەڵەتێنرێ، "بەنموونە جۆرە دارێک یاخوود نەمامێک بە خەڵکی دەفرۆشرێ کە بۆ ژینگە کوردستان بەکەڵک نایەت".
زەردەشت عەبدولوەهاب جەختی لەوە کردوە، کە ساڵانە پارەیەکی زۆری خەڵکی دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمام و داری جوانکاری لەکاتێکدا ئەو شوێنانەی لە دەرەوە داریان لێدەکڕین ناوچەی چیاین، زەردەشت عەبدولوەهاب دەڵێت: "دەتوانین خۆشمان ئەو نەمام و دارانە بەرهەمبهێنین، چونکە ناوچەی دەشت و چیایشیمان زۆرە کە بەکارنەهاتووە، هەر بەنموونە لە پیرمام تاوەکو حاجی ئۆمەران باشترین شوێنە بۆ بەرهمێنانی نەمام و دار، بەراستی ناوچە چیاییەکانمان بۆ بەرهمهێنانی دار و گوڵ وەک زێڕە، ئێمە زەوی و ئاو هەوا و تەنانەت گەرماکەشمان بەسوود بۆ بەرهمهێنانی دار و گوڵ".
زەردەشت عەبدولوەهاب لە خەمی ئەوەشدایە ئەو دار و نەمامانەی کە دێت لە سنوورەکانەوە، ستافی شارەزا لێنییە تاوەکو پشکنینی تەواویان بۆ بکات، ئەو دەڵێت "هەموو جۆرە رووکێک دەکرێ نەخۆشی بگوازێتەوە".
گرفتێکی دیکە کە زەردەشت عەبدولوەهاب باسی کرد، وشکبوونی بەشێک لە داری خاباتەکانە بەهۆی کەم ئاوی. ئەو دەڵێت: "بەهۆی کەمی ئاو بەشێک لە داری خاباتەکان دەمرن، کەس نییە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە گرنگە بکات".
بەپێچەوانەی بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارت، زەردەشت عەبدولوەهاب لەو بڕوایەدایە داری زەیتوون و واشنتۆنیا بە رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردە دەکرێن. شارەزاکەی بواری کشتوکاڵ دەشپرسێ لە چوونە دەرەوەی ئەو هەموو پارەیە، بۆ کڕینی نەمام و گوڵی سروشتی رۆڵی وەزارەتی کشتوکاڵ چییە؟ ئەو داوا لە وەبەرهێنەرانیش دەکات، رووبکەنە بەرهەمهێنانی روەک و گوڵ، چونکە لەوە دڵنیایە قازانجێکی زۆر دەکەن. زەردەشت عەبدولوەهاب دەڵێت "کشتوکاڵکردن هەر گەنم و جۆ، خەیار و تەماتە نییە، رووکی جوان و گوڵیشە، ئەگەر دەڵێن کێشەی کەم ئاوی هەیە خۆ دەکرێت، لە نزیک ئاوی زێیەکان پڕۆژەی بەخێوکردن رووک و گوڵ بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ