رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، هەرێمەکان و پەرلەمانی سوێد دەکرێ. کۆمەڵێک بەربژێری کورد لە لیستی جیاواز بەشدارن، لەنێویاندا هونەرمەند تارا رەسووڵ لە لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات.
بڕیارە لە 13ـی ئەیلوولی 2026 هەڵبژاردنەکان بکرێن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 52 هاونیشتمانیی خەڵکی کوردستان لە لیستە جیاوازەکان بەربژێرن.
تارا رەسووڵ، هونەرمەندی کورد، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "ماوەیەکی زۆرە لە سوێد نیشتەجێم و لە ساڵی 2006ەوە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدم. لە ساڵانی رابردوودا بەربژێر بووم بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، جێی شانازییە کە ئەم ساڵ حیزبەکەم متمانەی پێدام بەربژێر بم بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی هەرێمەکان لە شاری ستۆکهۆڵم."
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد: "وەک کوردێک شانازی دەکەین بووینەتە جێگەی متمانەی سوێد. راستە بەشداربوونمان لە حکومەت خزمەتکردنە بە سوێد، بەڵام هەر کوردێک ببێتە بەربژێر، دەبێتە پردێکی پەیوەندی لەنێوان کوردستان و ئەم وڵاتەش. منیش هەمیشە توانیومە لەڕووی هونەری و سیاسییەوە دەنگی خەڵک بگەیێنم، بەتایبەت لە کاتێکدا وڵاتەکەمان بە دۆخی سەخت و جەنگدا تێپەڕیوە."
لە سوێند هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان لە یەک کاتدا دەکرێن. دەنگدەر دەتوانێت لە نزیکترین بنکە دەنگ بدات.
بەندی کەمال، بەربژێرێکی دیکەی کوردە لە هەمان پارت و بە رووداوی گوت: "ساڵێکە بوومەتە ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکرات. خەڵکی دەربەندیخانم و لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێم. ئەم بەشدارییە بۆ کوردی دیاسپۆرا سوودی زۆری دەبێت و دەبێتەهۆی بەهێزبوونی پەیوەندی و گەیاندنی دەنگی کورد لە سوێد."
لە هەڵبژاردنەکانی سوێددا کارتی دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە یان لە سندووقی پۆستی دیجیتاڵی بۆ خەڵک دەنێردرێ و لەسەری نووسراوە لە کام بنکەی دەنگدان دەنگ دەدەیت و لیستەکان بە رەنگی جیاواز جیاکراونەتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی سوێد 10,610,500 کەسە.
پەرلەمانی سوێد لە 349کورسی پێکدێ و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە دەنگی نیوە کۆ یەکە.
راپرسییەکان باس لەوە دەکەن، سۆسیال دیموکراتەکان دەتوانن نزیکەی 33٪ی دەنگەکان ببەنەوە.



