رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە رۆژە بە رۆژ نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە. بەجۆرێک کیلۆیەک تەماتەی عێراقی لە 300 دینارەوە بۆ 1100 دینار بەرزبووەتەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، عەلوەی هەولێرە؛ میوەفرۆشەکان رۆژانە نرخی گرانتر بۆ تەماتە تۆماردەکەن
رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: "تاوەکو پێش هەفتەیەکیش، تەماتەی بەسرە و باشووری عێراق زۆر بوو. لە پڕێکدا تەماتەی عێراقی کەمبووەوە. هەفتەی رابردوو بە 350 بۆ 400 دینار بوو و نەشدەفرۆشرا. ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەوەی کوالێتییەکەشی خراپتر بووە، ئەمڕۆ بە هەزار دینارە."
کیلۆیەک تەماتەی عێراقی 800 دیناری بەشێوەی کۆفرۆشی چووەتە سەر. ئەمەش دەکاتە چوار هێندەی نرخی پێشووی. تەماتەی بەقاچاخ هاوردەکراوی ئێرانی و میسریش نرخەکەیان بەشێوەی کۆ لە نێوان 1250 بۆ 1600 دینارە.
حاجی ئەحمەد، میوەفرۆشێکی دهۆکە و دەڵێت: "تەماتەی ئێرانی قەدەخەیە بۆیە گرانە. تەماتەی عێراقیش بەشمان ناکات. رێگە بە هاوردەکردنیشی نادرێت. ئەگەر رێگەی پێبدرێت، نرخەکەی دێتە خوارەوە. گومرکیان لێ وەرنەگیرێت، نرخەکەی بۆ 750 دینار دادەبەزێت. بەڵام بازرگانەکان بە قاچاخ دەیهێنن."
ئەنجوومەنی میوەفرۆشانی شارەکان لە رێگەی لیژنەکانی کشتوکاڵ داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە بدات.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت: "لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت و لەگەڵ بەڕێز قایمقامی سلێمانی، لەو لیژنانە داین و بە راپۆرتیش داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بۆ ئەوەی رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە بدرێت. چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین."
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 190 هەزار تۆن تەماتەیە. نزیكەی 40٪ـی لە نێوخۆ بەرهەمدەهێندرێت و 60٪یشی هاوردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ