رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ حاجی میرخان دۆلەمەری، بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و گوڵان و شۆفێرەکەی لەسەر رێگەی رۆڤیا-چەمە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و گوڵان لە سۆران لەسەر رێگەی رۆڤیا-چەمە لە پارێزگای دهۆک خۆی کێشاوە بە هێمایەکی هاتووچۆی سەرشەقام و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
کەسوکاری حاجی میرخان دۆلەمەڕی بە رووداویان راگەیاند: "حاجی میرخان دۆڵەمەڕی بە مەبەستی بەشداری لە پرسەی سەباح بەیتوڵڵا چووەتە ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش و لە کاتی گەڕانەوەی، تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە."
بە گوتەی کەسوکارەکەی: "لە رووداوەکەدا خۆی و شۆفێرەکەی گیانیان لەدەستداوە."
حاجی میرخان دۆلەمەری، بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و گوڵان بوو لە سۆران، تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵ بوو.
هاوکات نەقیب سەعید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی رۆڤیا بە رووداوی گوت، "رووداوەکە کاژێر 04:15ـی ئەم ئێوارەیە روویدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە".
کەسوکاری حاجی میرخان دۆلەمەڕی باسیان لەوەش کرد: "تەرمی هەردوو کۆچکردوو لە دادپزیشکیی ئاکرێیە و ئەمشەو دەگەڕێندرێنەوە سۆران و سبەی بە رێوڕەسمێک لە زێدی خۆی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەخاک دەسپێردرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ