ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە متمانە لە سەرۆکەکەی وەردەگرێتەوە و کەسێکی نوێ دیاری دەکرێت

23-03-2025
هونەر حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و متمانەیان لە سەرۆکەکەیان وەرگرتەوە. نزار لهێبی لە شوێنەکەی دانرا.
 
‏‎نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنەکە رۆژی دووشەممە 23ـی ئاداری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردراوم، هەوڵدەدەم بەبێ جیاوازی خزمەتی ئەم پارێزگایە بکەم."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە هۆی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن" بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە عومەر کروی وەرگرتەوە، چونکە ئەندامان لە وەڵامەکانی ناوبراو بۆ پرسیارەکانیان ناڕازیبوون.
 
نزار لهێبی باسی لەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دوای دوورخستنەوەی کروی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کرایەوە، "خۆم بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەکە هەڵبژێردرام."
 
‏‎عومەر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا رایگەیاند: "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵا لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم."
 
لە مانگی 11 ساڵی رابردوو جارێکی دیکە متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە وەرگیرایەوە، بەڵام دواتر سکاڵای لە دادگەی کارگێڕی تۆمار کرد و دادگە دەسەڵاتەکانی بۆ گەڕاندەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە