رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە یەکەم رۆژی نەورۆز زۆربەی هاونیشتمانییان لە گەشت و سەیران بوون و دووکان و بازاڕەکان داخرابوون، بەڵام هاونیشتمانییەک لە بازاڕی کۆیە بە تاق و تەنیا، بەدیار عەرەبانەکەیەوە دانیشتووە و چاوەڕێی "رزقی خوایە".
هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆیە بەناوی ئاکار پشتیوان، لە فەیسبووکی خۆی چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە سۆشیاڵمیدیا دەنگدانەوەی هەبوو. لەبارەی چیرۆکی ئەو وێنانەوە پەیوەندیمان پێوەکرد و چیرۆکەکەی بەمشێوەیە باسکرد و گوتی: "رۆژی 21-3-2022 لە یەکەم رۆژی نەورۆز پیاسەیەکی ناو بازاڕی کۆیەم کرد، کاژێر 13:30 خولەک بوو، شار چۆڵ بوو، کەس لە دەرەوە نەبوو، دووکانەکان هەموو داخرابوون، لەدوورەوە کەسێکم بینی، کە لەسەر عەرەبانەکەی دانیشتبوو. سەرنجی راکێشام، چوومەلای و دانیشتم و مۆبایلەکەم دەرهێنا، لێم پرسی ئاساییە وێنەیەکت بگرم؟ لە وەڵامدا گوتی ئاساییە و یەکسەر دەستیکرد بە قسەکردن".
ئاکار لەو پیاوەی پرسیوە بەم نەورۆزە و پشووەدا چی دەکەی لە دەرەوە؟ وەڵامی داوەتەوە و گوتویەتی: "هەموو دێیەک رێگایەکی هەیە، چوومەوە ماڵەوە و نانم خوارد و یەکسەر هاتمەوە بازاڕ". لێی پرسی باشە خۆ کەس لەدەرەوە نییە ئیتر کەسابەتی چی؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "رزق بە دەست خوایە".
ئەوەی زۆر سەرنجی ئاکاری راکێشاوە هۆگریی ئەو کەسە بوو بۆ عەرەبانەکەی، لە قسەکردنەکەی کەوتووەتە ستایشی عەرەبانەکەی و گوتی: "عەرەبانەکەمم نوێ کردووەتەوە و شیعرم لەسەری نووسیوە". بە گوتەی ئاکار شیعرەکانیشی لەبارەی هەژاری و دەستکورتییەوە بوون.
ئەو پیاوە بەتەمەنە ناوی ئاکۆ ئەحمەد حەمەدە و خەڵکی کۆیە پێیدەڵێن ئاکۆ پەپوولە.






.png&w=3840&q=75)