رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدەن کە شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییە هیچ زیانێکی بە کەرتی کشتوکاڵ نەگەیاندووە، بەڵکو بووەتە هۆی ئەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک زەوی پەڵە بدات و جووتیاران دەتوانن دەست بە کێڵانی زەوییەکانیان بکەن و دانەوێڵە بچێنن.
رۆژی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕە بارانەی باری، هیچ زیانێکی بە کەرتی کشتوکاڵ نەگەیاندووە، بەڵکو لە رووییەکی دیکەوە سوودی زۆری هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی زەوی پەڵە بدات و ئامادە بێت بۆ چاندن".
هێمن سەید موراد گوتی: "ئێستا زەوی هێندە تەڕ بووە و ئاوی لەخۆگرتووە کە جووتیاران بەهۆی زۆریی قوڕولیتەوە ناتوانن بچنە نێو کێڵگەکان، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە خاکەکە بە تەواوی ئاو تێیدا کۆبووەتەوە و بۆ چاندن ئامادەیە."
لە پارێزگای هەڵەبجەش بڕێکی پێوانەیی باران باریوە؛ ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لای ئێمە بارانێکی زۆر و لە کاتێکی زۆر گونجاودا باری، چونکە وەرزی پەڵەیە و جووتیاران چاوەڕوانی بارانیان دەکرد".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە پەڵەدان پێویستی بە 50 بۆ 60 ملیمەتر بارانە، بەڵام بەپێی راپۆرتی کەشناسی لە هەڵەبجە 153 ملیمەتر باران باریوە، واتە زەوی بە زیادیشەوە پەڵەی داوە و هەر کاتێک دۆخی شێداریی خاکەکە ئاسایی بووەوە، جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندن بکەن.
لەبارەی دۆخی سنووری پارێزگای سلێمانی، جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم بارانە هیچ زیانێکی نەبوو، چونکە لەم وەرزەدا هیچ بەرهەمێک لە قۆناخی پێگەیشتن و چرۆکردندا نەبوو کە زیانی پێبگات. بە پێچەوانەوە بارانەکە زۆر بەسوود بوو و لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی پەڵەی داوە و ئامادەبووە بۆ چاندن."
هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆکیش کاریگەرییە ئەرێنییەکانی شەپۆلەکە بە روونی دەرکەوتوون. موسڵیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی ناوچەکەی گرتەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆکیش زەوی بە تەواوی پەڵەی داوە و جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندنی زەوییەکانیان بکەن."
پەڵە چییە؟
لە رووی زانستییەوە، پەڵەدان بریتییە لە تەڕبوونی قووڵایی خاک بە ئاستێک کە شێداریی سەرەوەی زەوی بگاتە شێداریی بنەوەی خاک (بە قووڵایی نزیکەی 15 بۆ 20 سانتیمەتر)، ئەمەش وادەکات تۆوی چێنراو لە کاتی شینبوونیدا رووبەڕووی وشکبوونەوە نەبێت و رەگ دابکوتێت.
کەشناسان و پسپۆڕانی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر باران بە شێوەی نەرمەباران بێت، بارینی 30 بۆ 40 ملیمەتر بەسە بۆ پەڵەدان، بەڵام ئەگەر بارانی بەخوڕ بێت، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئاوەکە بە شێوەی لێشاو بەسەر زەویدا دەڕوات و خاک ناتوانێت هەڵیبمژێت، پێویستە نزیکەی 50 بۆ 60 ملیمەتر ببارێت.
لە رووی وەرزییەوە، باشترین کات بۆ پەڵەدان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و سەرەتای مانگی تشرینی دووەمە، کە هاوکاتە لەگەڵ وادەی ئامادەکاری بۆ چاندنی دانەوێڵە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن، کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنمی دەکرێتە گەنم و جۆ.



