رووداو دیجیتاڵ
شەوی یەکشەممە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. وەزارەتەکانی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی هێرشەکە لەسەر پێدانی کاژێرەکانی کارەبا دەدەین."
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند:"کاژێر 11:00ـی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە."
سەرچاوەیەک لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکە بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان (Truck Loading) کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام ئێستا ئاگری کێڵگەکە نزیکە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەو شوێنە دا کە هێرشی کراوەتە سەر و گوتی: "لەو بەشەدا رۆژانە لە رێگەی 170 تەنکەرەوە، 1000 بۆ 1400 تۆن گازی ماڵان (LPG) باردەکرێت."
لەبارەی دۆخی ئەمنیی کێڵگەکە و وادەی دەستپێکردنەوەی کارەکانیش، سەرچاوەکە گوتی: "لە کێڵگەکە بەشی ئەمنی خراوەتە ئامادەی تەواوەوە و بەرهەمهێنان راگیراوە، بەڵام کارەکان بەردەوامن و هەوڵ دەدرێت تاوەکو سبەی نیوەڕۆ هەناردەکردنی گاز لە کێڵگەکە دەست پێبکاتەوە."
پێشتریش سەرچاوەیەک لە قەزای چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاندبوو کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی گوت: "بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، ئاراستەی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کۆرمۆر لە سنووری خورماتووەوە بووە."
لە دوای هێرشەکە کارەبای زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی پچڕا، بەگوێرەی زانیارییەکان بەهۆی هێرشەکەوە 2800 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆر. دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.




