رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی بەفربارینەوە دوو رۆژە رێگەی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی داخراوە. لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و باشماخ هاتووچۆ ئاساییە.
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری داخستنی رێگەکە ئەوەیە، لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە، لە دیوی ئێرانەوە زیاتریش باریوە".
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جووڵەیەک لە دەروازەکە وەستاوە و کاتی کردنەوەشی نادیارە.
بە گوتەی عەباس عەزیز باپیر، بەهۆی بەفربارینەوە هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە دەروازەی کێلێ رووینەداوە.
دەروازەی سنووریی کێلێ لە هەرێمی کوردستان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەر بە شاری سەردەشتە لە پارێزگای ورمێ.
بەگوێرەی ئاماری گومرگی راپەڕین بۆ رووداو، ساڵانە نزیکەی 36 هەزار بارهەڵگر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە لە دەروازەی کێلێوە کاڵا دەهێننە نێو هەرێمی کوردستان.
دووانی دیکە لەو دەروازانەی ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخە لە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هاتووچۆ لە دەروازەکەمان ئاساییە و هێندە بەفر نەباریوە ئاستەنگی دروستبکات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاتووچۆ لە دەروازەی باشماخیش ئاساییە. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "تیمە فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشیدان و هیچ رێگەیەکی سنووری قەزاکەمان بەهۆی بەفرەوە دانەخراوە".
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دەروازەکانی کێلێ و سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ