رووداو- هەولێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان پەیتا پەیتا حیزبەکانى پێکهێنەرى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان ماڵئاوایى لە کابینەى بنکەفراوان دەکەن و ئامادەسازى بۆ بانگەشەکانى هەڵبژاردن دەکەن.
رۆژى 17/12/2017 نێچیرڤان بارزانى سەرۆکوەزیران بە نامەیەکى تایبەت داواى لە سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کرد وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان دیارى بکەن کە لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات، بەڵام لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنى وادەیەک بۆ هەڵبژاردن.
یەکگرتوو: هەڵبژاردن باشترین بژارەیە
یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان کە دواى گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کشایەوە، پشتیوانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکات. فەرهاد مەلا ساڵح، کارگێڕى ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى یەکگرتووى ئیسلامى بە (رووداو)ى راگەیاند: "لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرۆکایەتى حکومەت، پێمان راگەیاندن کە فراکسیۆنەکەمان پشتیوانى دیاریکردنى هەڵبژاردن لە کۆتایى مانگى سێ و سەرەتاى چوار دەکات".
پارتى کە سەرۆکایەتى حکومەتى لەلایە، پێیوایە کشانەوەى یەکگرتوو و حیزبەکانى دیکەش کاریگەرى لەسەر هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو پێشیدەخات. خەسرۆ گۆران بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى بە (رووداو)ى راگەیاند: "کشانەوەى حیزبەکان خواستی خەڵک و لایەنەکان زیاتر دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".
خەسرۆ گۆران لەبارەى کاتى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان گوتى: "پارتی پێی باشە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکانی کوردستان بکرێ، چونکە دەمانەوێ پێشوازییەکی زۆری خەڵک هەبێت، دوو هەڵبژاردن لەسەر یەک پێشوازیی زۆر نابێت".
گۆڕان بە مەرج لەگەڵ هەڵبژاردنە
بزووتنەوەى گۆڕان لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردن نییە لەو وادانەی پارتى باسیان دەکات و مەرجیشى هەیە. عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان، دەڵێت: "پاککردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و لابردنى ناوى وەهمى و دووبارە و پشتبەستن بە سیستەمى بایۆمەترى وەکو هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەروەها هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن بە جۆرێک هەر پارێزگایەک بکرێتە چەند بازنەیەک، ئێستا کوردستان یەک بازنەیە، دەنگى ناوچەیەک کاریگەرى لەسەر نوێنەرایەتى ناوچەیەکى دیکە دەبێت، هەروەها پێویستە سیستەمى کۆتا رێکبخرێتەوە و پێکهاتەکان خۆیان دەنگ بە نوێنەرى خۆیان بدەن".
یەکێتى دژى پێشخستن و دواخستنە
سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى بە ئاشکرا لەگەڵ تەواوکردنى خولى درێژکراوەى پەرلەمانى کوردستانن، بەشێک لەو خواستەى یەکێتى بۆ کێشە نێوخۆییەکانى ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە، هەروەکو مەلا بەختیار بەرپرسى دەستەى کارگێڕیى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) گوتى: "بۆ هەڵبژاردن بە تەواوەتی ئامادە نین".
زۆربەى کادیران و سەرکردایەتى ئەو حیزبە لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن بکەوێتە دواى بەستنى کۆنگرەى حیزبەکەیان کە هێشتا سەرکردایەتى یەکێتى کاتەکەى دیارى نەکردووە.
دلێر ماوەتى، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان بە (رووداو)ى راگەیاند: "هەموو حیزبەکان بە یەکێتیشەوە لە بەرژەوەندى خۆیان باسى دیاریکردنى کاتى هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام قسەکەى یەکێتى تۆزێک رێی تێدەچێت، چونکە پەرلەمانى کوردستان بۆ دوو خول تەمەنى بە یاسا درێژکراوەتەوە، بۆیە وا باشە ماوەکەى خۆى تەواو بکات".
گوتیشى: "ئێمە لەبەر کێشە ناوخۆییەکانمان لەگەڵ هەڵبژاردن نین. ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەڵبژاردنە چونکە وا دەزانێت مووچە نییە و دەنگى باش دەهێنێ. پارتى لەگەڵ هەڵبژاردنى پێشوەختە و وا بیر دەکاتەوە کە دەتوانێت دەنگى خۆى بهێنێتەوە، هیچى لە روانگەى بەرژەوەندیى گشتییەوە قسە ناکات".
رۆژى 15/1/2018 شاندێکى باڵاى یەکگرتووى ئیسلامى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى و ژمارەیەک وەزیر و راوێژکار کۆبوونەوە، بەپێى زانیارییەکانى رووداو شاندەکەى یەکگرتوو بە سەرۆکایەتى حکومەتیان راگەیاندووە ئەگەر هەڵبژاردن لە مانگى سێ یان چواردا بکرێت، ئەوە ناکشێنەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانى بە ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى بە شاندى یەکگرتووى گوتبوو "خواستى ئێمەش ئەوەیە لەو سێ مانگەدا هەڵبژاردن بکرێ، بەڵام یەکێتى رازى نییە".



