رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر بەهۆی شکانی بۆرییەوە ئاوێکی زۆر کۆبووەتەوە و هاونیشتمانییەک دەڵێت، بۆریی ئیفراز شکاوە. بەرپرسێک لە پڕۆژەی ئیفراز دەڵێت، هیچ بۆرییەکیان نەشکاوە.
هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر لەگەڵ ناردنی دیمەنی کۆبوونەوەی ئاو لە نزیک مزگەوتی 'رێگەی بەهەشت' بە رووداوی گوت: "هۆکاری کۆبوونەوەی ئاوەکە شکانی بۆری ئاوی پڕۆژەی ئیفرازە".
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ بۆرییەکمان نەشکاوە. ئەوەی باس دەکرێت بۆریی نێوخۆی گەڕەکێکە نەوەکو بۆری پڕۆژەکانی ئیفراز".
بە گوتەی هیوا عەبدولڕەزاق، پڕۆژەکانی ئیفراز بەردەوامن لە کارکردن و بەگوێرەی خشتەکان دابەشکردنی ئاو بەردەوام دەبێت.
دوایین جار 3ـی مانگی رابردوو بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە شکا و دوای کەمتر لە 24 کاژێر چاککرایەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40٪ـی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50٪ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ