برایەکی رامین فاتحی: رامین لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە

22-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
رامین فاتحی، ئەو هاونیشتمانییەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و گیانی لەدەستدا
رامین فاتحی، ئەو هاونیشتمانییەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و گیانی لەدەستدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رامین فاتحی، ئەو هاونیشتمانییەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ئیتڵاعاتی شاری سنە گیانی لەدەستدا. برایەکی دەڵێ، "رامین لە ژێر ئەشکەنجەدا" گیانی لە دەستداوە و هێزە ئەمنییەکان بە نهێنی بە خاکیان سپاردووە.
 
چیاکۆ فاتحی، برای رامین، بە رووداوی گوت: رامین شەوی رابردوو 21-10-2022 لە کاتی ئەشکەنجەدا لە سەریان داوە و بەوهۆیەوە مێشکی راوەستاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، دواتر هێزە ئەمنییەکان تەرمەکەیان بردووەتە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی و تەنیا رێگە بە خزمێکیان دراوە بۆ ئەوەی شوناسی تەرمەکە و گۆڕەکەی دەستنیشان بکات.
 
رامین فاتحی رۆژی 13-10-2022، لە نزیک شاری بانە دەستبەسەر کراوە و دوای ئەویش برایەکی دیکەی بە ناوی وریا و رۆژی دواتریشی خوشکێکیان بە ناوی رادا لەلایەن ئیتڵاعاتی شاری سنەوە دەستەبەسەر کراون. تائێستا تۆمەتی ئەوان روون نییە.
 
چیاکۆ فاتحی گوتی، لەو کاتەوە ئەوان دەستگیرکراون تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر خوشک و براکانی نەبووە، تا ئەوەی کە شەوی رابردوو لە ئیتڵاعاتی شاری سنەوە پەیوەندییان بە خزمێکیانەوە کردووە و پێیان گوتووە، رامین لەسێدارە دراوە.
 
بەگوتەی چیاکۆ، کاتێک ئەو خزمەیان چووەتە ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە، پێیان گوتووە خۆی کوشتووە، ئەو دەڵێ: بەڵام ئێمە "لەڕێی ناسیاوێکی جێی متمانەوە دڵنیابووینەوە کە رامین لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە."
 
رامین لە دایکبووی ساڵی 1975 بووە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە و لە خۆپێشاندانەکانی شاری سنەدا دەستگیرکرابوو.
 
ناڕەزایەتییەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە باوکی دواتر رایگەیاند کوژراوە، لە رۆژی 17-09-2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد. 
 
بەرپرسانی ئێران ناڕەزایەتییەکان بە ئاژاوە لە قەڵەم دەدەن و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکەن، خەڵکیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هانداوە. 
 
چیاکۆ دەڵێ: "من ئاگام لێنەبووە رامین بەشداریی لە خۆپێشاندانەکاندا کردبێت، بەڵام ئەگەری هەیە وەک خەڵکی دیکە بەشداریی کردبێت."
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە 40 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 900 کەس بریندار بوون و ژمارەیەکی نادیاریش دەستگیر کراون.
 
رامین فاتحی لە ساڵەکانی 2015-2017 پێشمەرگەی کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمەنیستی ئێران بووە و دواتر ویستوویەتی بچێت بۆ ئەوروپا، بەڵام پۆلیسی سڕبیا دەستبەسەری کردووە و رادەستی پۆلیسی تورکیای کردووەتەوە.
 
دەزگای ئەمنیی تورکیا پێیان وابووە گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانە، دوای دوو مانگ و نیو ئەشکەنجە بۆیان دەرکەوتووە گەریلا نەبووە، دواتر رادەستی ئیتڵاعاتی ئێرانیان کردووەتەوە. لە ئیتلاعاتیش دوای مانگێک، بە دانانی بارمتە ئازاد بووە، بەڵام هەر لە ژێر چاودێریدا بووە. 
 
چیاکۆ دەڵێ: رامین کاری سیاسی نەدەکرد، بەڵکو بارهەڵگرێکی هەبوو کاری پێ دەکرد، رۆژی دەستگیرکردنەکەشی لە باخی ماڵی خاڵی لەنێوان سەقز و بانەدا بووە و ئیتڵاعاتی سنە تایبەت چوون دەستگیری بکەن.
 
سەرەڕای ئەوانەش چیاکۆ فاتحی دەڵێ، هێشتا پێیان رانەگەیێندراوە خوشک و براکانی بۆ دەستگیرکراون؛ ئەگەرچی دایک و باوکیشی زۆریان هەڵداوە بەدواداچوون بۆ کارەکانیان بکەن، بەڵام بەرپرسان وەڵامیان نادەنەوە.
 
ئەنجوومەنی بەدواداچوون بۆ کەیسی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران باس لە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە 300 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ لە خۆپێشاندانەکانی 34 رۆژی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
 
بەپێی راگەیاندنی ئەو ئەنجوومەنە کە ناوەندەکەی لە ئێرانە و لە تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، لە 34 رۆژی رابردووی خۆپێشاندانەکانی ئێراندا (تاوەکو پێنجشەممەی رابردوو)، 320 مێرمنداڵ و هەرزەکاری خوار 18 ساڵ دەستبەسەرکراون.
 
هەفتەی رابردوو، وەزیری پەروەردەی ئێران لە لێدوانێکدا دەستبەسەرکردنی قوتابییانی لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاستکردبووە و رایگەیاندبوو، ئەو قوتابییانەی کە لە لێکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا بە تاوانبار دەناسرێن، رادەستی ناوەندەکانی چاکسازی و پەروەردەی ناوەندە دەروونناسییەکان دەکرێن بۆ ئەوەی رێگەیان پێنەدەن ببنە کەسانێکی دژە کۆمەڵگە.
لەبارەی ئاماری دەستگیرکراو و قوربانییەکانیش، حکومەتی ئێران هیچی بڵاونەکردووەتەوە و دان بە ئاماری هیچ رێکخراوێکی مرۆییشدا نانێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە