لە نۆ ساڵ و نۆ مانگی رابردوودا 451 ژن بەپاساوی "شەرەف" كوژراون

22-10-2019
دیمەن بورهان
نیشانەکردن ژنکوشتن
A+ A-
رووداو - هەولێر

قارەمان، تەمەن 17 ساڵ، برا گەورەی خێزانێكی پێنج كەسییە، باوكی قارەمان شەش ساڵ لەمەوبەر بە شێرپەنجە مردووە. خۆیشی ماوەی ساڵێكە بەتۆمەتی كوشتنی گەڵای خوشكی لە زیندانە، ئەو ئێستا نەك پەشیمان نییە لە كوشتنی خوشكەكەی، بەڵكو دەڵێت ئێستاش زیندووبێتەوە، دەیكوژێتەوە.
 
بەدەگمەن روویداوە لە كوردستان ژنێك بە دەستی پیاو بكوژرێ‌ و پەیوەندی بە نامووسەوە نەبێ‌. پاساوی بكوژەكان ئەوەیە كە ئابڕوویان تكاوە و پێیانوایە بە رشتنی خوێنی ژنەكە، لەكەی سەر شەرەفی خۆیان پاك دەكەنەوە.
 
گەڵا ئەو شەوەی كوژرا، دوو رۆژ بوو تەمەنی ببوو بە 19 ساڵ، تەنیا ساڵێك بوو لەگەڵ هەردیی تەمەن 28 ساڵ هاوسەرگیری كردبوو، بەڵام دواتر لە هاوژینەكەی جیابووەوە. قارەمان دەڵێت: "گەڵا خیانەتی لە هاوژینەكەی كردبوو".
 
قارەمان تووڕە دەبێت پێی بڵێی گەڵای خوشكت: "حەز ناكەم بڵێی خوشكەكەت، هەر ئەو رۆژە حاشام لێكرد كە زاواكەمان ئەوی هێنایەوە بەردەرگا و پێیگوتم خوشكەكەت بێ شەرەفە و نامەی دڵداری و پڕ لە قسەی سێكسیم لەنێو مۆبایلەكەی گرتووە".
 
سەرزەنشتكردنی پیاوێك بە دەستەواژەی "بێ‌ غیرەت" یان "بێ‌ شەرەف" یان "سەرشۆڕ" بەسە بۆ ئەوەی تووڕەیی خۆی بە ئافرەتێكی خێزانەكەی خاڵی بكاتەوە.
 
قارەمان دەڵێت: "وازم لە خوێندن هێنا، كرێكاریم دەكرد، بۆ ئەوەی خوشك و براكانم بێ باوكییان پێوە دیار نەبێت و كەس شتێك لەسەر شەرەف و كەرامەتمان نەڵێت، بەڵام گەڵا حەیا و نامووسی بردین".
 
قارەمان شەش مانگ خۆی خواردووەتەوە، لە دەرفەتێك گەڕاوە بۆ ئەوەی خوشكەكەی لەناوبەرێ‌. ئەو دەرفەتە هاتە پێش، كاتێك دایك و خوشك و براكانی سەفەری ماڵی خاڵی قارەمانیان كرد لە دەرەوەی شاری هەولێر.  قارەمان دەڵێت: "نیوەشەو ئەو خەوتبوو، بەهەلم زانی و سەرینەكەم خستە سەر دەمی و ئەژنۆم لە ملی گیركرد، گوێم لە شكانی ئێسكی ملی بوو، دواتر دەستم خستە بینە قاقای تا چاوی شل بوو".
 
لە دیدی ئەوانەوە كە وەكو قارەمان بیردەكەنەوە، ئەو وەكو "قارەمان"ێك سەیر دەكرێ. ئەو دەڵێت: "دوای كوشتنی گەڵا، مام تەحسینی دراوسێمان سەری ماچ كردم و پێیگوتم تۆ سەلماندت پیاویت".
 
قارەمان سێ‌ ساڵە لە زیندانە و هێشتا دۆسیەكەی یەكلایی نەبووەتەوە. بەڵام پەشیمان نییە لە كوشتنی خوشكەكەی و دەڵێت: "ئەگەر ئێستاش زیندوو بێتەوە دووبارە دەیكوژمەوە".
 
كچەیان سووتاند
 
لە نێو ئەو ئافرەتانەی بە پاساوی شەرەف كوژراون، روویداوە دەستی ئافرەتانیش لە تاوانەكەدا هەبێ‌، بۆ نموونە لە دۆسیەی كوشتنی سەنای تەمەن 23 ساڵ. 
 
هەیبەت، ناوی خوازراوی ئافرەتێكی تەمەن 67 ساڵە، تاكە ئافرەتە بەهۆی كوشتنی ئافرەتانەوە لە گرتووخانەی چاكسازیی ئافرەتانە لە سلێمانی. ئەو 11 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوژینەكەی پلانی كوشتنی سەنایان دانا. 
 
بەبیانووی چارەسەری نەخۆشی كچەكەیان لە سلێمانییەوە دەبەن بۆ هەولێر، لەڕێگا لە نزیك كۆیە، هەیبەت بەبیانووی دەستنوێژگرتن سەنا دووردەخاتەوە و عەلیش بەدوایاندا دەچێت، لەوێ گوللەیەكی لێدەدات، پاشان بەنزینی پێدا دەدات و ئاگری تێبەر دەدات، دواتر هەر خۆی گۆڕی بۆ هەڵدەكەنێ‌ و دەیشارێتەوە.
 
دوای هەشت ساڵ، شەوێك عەلی لەنێو زیندان بە جەڵتە مرد، هەیبەتیش 11 ساڵە لە زیندانە. عەلی پێش مردنی لە زیندان قسەی بۆ (رووداو) كردبوو، گوتبووی: "كچەكەم هاوسەرگیری كردبوو، بەڵام خیانەتی لە مێردەكەی كرد، بۆیە لەترسی ئابڕووچوونی بنەماڵەكەمان لەگەڵ هەیبەت كوشتمان".
 
سەریان بڕی
 
دالیا قوربانییەكی دیكەیە كە بە پاساوی "شەرەف" لەلایەن باوك و براكانییەوە سەری لە لاشەی جیاكرایەوە. ئەو ماوەیەك هەڕەشەی خێزانەكەی لەسەر بووە، بۆیە لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێر ماوەتەوە. دالیا لای بەرپرسانی شەڵتەرەكە باسی لەوە كردووە كە هاوژینەكەی ناپاكی لێكردووە و بەردەوام ئەشكەنجەی داوە، بۆیە داوای جیابوونەوەی كردووە، بەڵام هاوژینەكەی رازی نەبووە.
 
دواتر  تۆمەتباریان كردووە بەوەی خیانەت لە هاوژینەكەی دەكات و پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ كوڕێك هەیە، هەر بۆیە هەوڵی كوشتنی درا، بەڵام ئەو خۆی لەدەستی كەسوكارەكەی رزگار كرد و چەند ساڵێك لە شەڵتەر مایەوە، دواتر كەسوكارەكەی بەڵێنیان پێدابوو لێی خۆشبن، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر، باوك و براكانی سەریان لە لاشەی جیاكردەوە و لە دوو توورەكەیان نا. سەری دالیایان لە جێگایەك و لاشەشیان لە جێگایەكی دیكەی هەولێر فڕێدا، براكانی هەڵهاتن و باوكیشیان تەنیا ساڵ و نیوێك لە زیندان مایەوە و ئازاد كرا.
 
دوایین قوربانییەكانی نەریتی "شەرەفپارێزی" لە هەرێمی كوردستان، شادیە و شیلانن. شادیە جاسم، تەمەن 27 ساڵان، رۆژی 1/9/2019 لە بەردەم دادگای هەولێر بە دەستی هاوژینەكەی كوژرا. هاوژینی شادیە دوای دەستگیركردنی بە (رووداو)ی گوتبوو: "شادیە پەیوەندی لەگەڵ زاواكەماندا هەبوو، دوای ئاشكرابوونیان هەردووكیان هەڵاتن، پاشان خۆیان رادەستی پۆلیس كرد. چاوەڕوانی ئازادكردنی بووم تاوەكو بیكوژم، ئەو رۆژە بە دەرفەتم زانی و بۆ كڕینەوەی نامووسی خۆم لەبەردەم دادگای هەولێر كوشتم".
 
شیلانیش لە رۆژی 23/9/2019 لە ناحیەی كەسنەزانی شاری هەولێر كوژرا. هاوژینی شیلان ماوەی پێنج ساڵە لە توركیایە. شیلان چەند جارێك چووبووە دادگا و داوای كردبوو مێردەكەی بگەڕێتەوە یان لێی جیابێتەوە، بەڵام نەریمانی هاوژینی وەڵامی نەدابووەوە، دواتر شیلان پەیوەندی لەگەڵ گەنجێكی سەڵت بەستبوو، كاتێكیش براكانی پێیانزانی، هەردووكیان كوشتن و هەڵاتن.
 
ئاماری قوربانیان
 
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە ساڵی 2010 وە تاوەكو ساڵی رابردوو 421 ژن بە پاساوی "شەرەف" كوژراون (لە هەولێر 182 ژن، دهۆك 94 ژن، سلێمانی 79 ژن، گەرمیان 38 ژن، راپەڕین 14 ژن و لە سۆرانیش 14 ژن).
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە 8 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 26 حاڵەتی ژنكوشتن بە پاساوی "شەرەف" هەبووە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە مانگی 9 دا 4 ژن بە پاساوی شەرەف کوژراون.
 
42 ژنكوژ دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە
 
تاوەكو ساڵی 2015 ژنكوژان بەپێی ماددە 409 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەكران كە ئەو ماددەیە زۆرتر بەناوی "غسل العار" ناوی رۆیشتووە، سزای بكوژ لە سێ‌ ساڵ تێپەڕی نەدەكرد، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (7) لە رۆژی 7/4/2015 كاركردنی بە حوكمی ماددە 409 لە یاسای سازدانی عێراقی راگرت.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لەدوای هەمواركردنەوەی مادە 409ی یاسای سزادانی عێراقی، تەنیا دۆسیە بۆ 42 كەس بە تۆمەتی كوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف كراوەتەوە، لەوانەش ئێستا 26یان لە زیندانن، ئەوانی دیكە یان هەڵاتوون و دەستگیر نەكراون، یاخود نەزانراوە كێن.
 
بكوژەكان پەشیمان نین
 
بەگوتەی توێژەرێكی كۆمەڵایەتی كە زیاتر لە 10 ساڵە لەنێو یەكێك لە چاكسازییەكانی گەوران كاردەكات، ژنكوژەكان لە تاوانەكانیان پەشیمان نین. ئەو توێژەرە دەڵێت: "سەدان پیاوی بكوژم بینیوە كە بەبیانووی جۆراوجۆر خەڵكیان كوشتووە، ئەوانەی بەهۆی دەمەقاڵێ و لەسەر كێشەی زەویوزار خەڵكیان كوشتووە زۆریان پەشیمانن و دەڵێن پەلەمان كردووە، بەڵام هیچ تاوانبارێكی ژنكوژم نەبینیوە لە تاوانەكەی پەشیمان بێت، لەبەردەم پۆلیس و میدیاكانیش تەنیا بۆ ئەوەی سزاكەی كەم ببێتەوە دەڵێن پەشیمانین".
 
بە گوتەی ئەو توێژەرە، زۆربەی ئەو ژنانەی بە پاساوی شەرەف دەكوژرێن، كۆدەنگی خێزانەكانیان لەسەرە، بۆیە سكاڵا لەسەر بكوژ تۆمار ناكەن. هەندێكیش كە شارەزای یاسان تاوانەكە بە كەسانی خوار 18 ساڵ دەكەن، بۆ ئەوەی سزاكەی سووك بێ‌، بكوژەكانی ژنانیش بە پلەی یەكەم برا و باوكەكانیانن، زۆرترین كوژراوەكانیش ژنن و كەمتر كچانن".
 
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی تاوانی كوشتنی ژنان بە (رووداو)ی راگەیاند: "رووداوەكانی كوشتن رۆژبەڕۆژ روو لە زیادبوونن، كوشتنی ژنانیش بەگشتی بەناوی پاراستنی ناموسە".
 
زۆرترین ژن لە هەولێر كوژراون، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی هۆكارەكەی دەڵێ: "بەهۆی بەلێشاو هاتنی ئاوارە و هاتنی عەرەب و كرانەوەی خێرای كۆمەڵگا و بەربڵاویی تەكنەلۆژیایە بەتایبەت ئینتەرنێت و مۆبایل كە هۆكاری زۆرترین كێشەكانن".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر زۆربەی ئەو بكوژانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، دەستگیركراون، بەڵام كاتێك ژنێك دەكوژرێت، باوكەكە تەنازول بۆ كوڕەكەی یاخود زاواكەی دەكات و ئاشتەوایی دەكەن، دواتر ئازاد دەكرێن.
 
هەر لەوبارەوە سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "زۆرترین بكوژانی ژن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیركراون، ئەوانەش كە بۆ دەرەوە هەڵهاتوون لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە داوای دەستگیركردنمان كردوون".
 
بەپێچەوانەی قسەی گوتەبێژانی پۆلیسی سلێمانی و هەولێر، چالاكڤانانی ژنان پێیانوایە بكوژانی ژن دەستگیر ناكرێن. هانا شوان،  چالاكڤانی ژنان بە (رووداو)ی گوت: "بەهۆی داڵدەدانی بكوژان و دەستگیرنەكردنیان رۆژبەڕۆژ دیاردەی ژنكوشتن زیاتر دەبێت". هانا شوان گوتیشی: "90%ـی ژنان بەدەستی خێزان و بنەماڵەكانیان دەكوژرێن، نەك سكاڵا لەسەر بكوژ تۆمار ناكەن، بەڵكو بە سەروەری بۆی هەژمار دەكەن و پێیانوایە شەرەفی پاراستوون بۆیە رێگە بە دەستگیركردنی نادەن، بەوجۆرەش بكوژانی ژن لە دەستی یاسا دەربازیان دەبێت و دەستگیر ناكرێن".
 
حاجی عیزەدین عەبدوڵڵا، راوێژكاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ئاماژە بەوە دەدات، ژنكوشتن بە "پاساوی شەرەف" یەكێكە لەو تاوانانەی مافی گشتی تێدایە، چونكە كاریگەری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێت، بۆیە ئەگەر كەسوكاری كوژراوەكەش سكاڵا لەدژی بكوژ تۆمار نەكەن، دەبێ حكومەت ئەو رۆڵە ببینێ و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی ژنكوشتن بكات.
 
هیچ بكوژێكی ژن لەسێدارە نەدراوە
 
لێبووردنی گشتی بكوژانی ژن بە پاساوی شەرەف ناگرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بكوژێكی ژن بەپاساوی شەرەف، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرنەچووە.
 
پارێزەر برزۆ سەعید دەڵێت: "هەرچەند لە ساڵی 2015ـەوە كاركردن بە مادەی 409 راگیراوە، بەڵام ئەگەر بە بەڵگە و راپۆرتی پزیشكی بۆ دادگا سەلمێنرا كە ژنەكە لەگەڵ كەسێكی دیكە بووە، دادگا دەستی سوك دەكات لە سزادانی تاوانبارەكان، بەڵام هەر تاوانێكی كوشتن بە پاساوی "شەرەف" بەبێ بەڵگە بوو، سزاكەی تا زیندانی هەتاهەتایی و لەسێدارەدانیش دەڕوات، هەرچەند تائێستا هیچ بكوژێكی ژن بە پاساوی "شەرەف" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرنەچووە".
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، دادوەرەكان بە گوێرەی جۆری كەیسەكان سزا بۆ بكوژان دادەنێن "بۆ نموونە ئافرەتەكە بووەتە مایەی تێكدانی خێزان و چەندینجار لەگەڵ چەند پیاوێك دەڕوات و بە كەس راناگیرێت، دواتر دەكوژرێت. سزای بكوژەكە لای دادوەر جیاوازە لەو كەسەی كە بەهۆی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ژنێك دەكوژێت".
 
لەبارەی دەستسووككردنی دادوەرەكان لە سزادانی بكوژانی ژن بە پاساوی "شەرەف"، حاكم دڵشاد فائیز، گوتەبێژی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: "دادگاكان بەپێی ماددە یاساییەكانی 405 و 406 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ بكوژەكان دەكەن. ئەمەش بەپێی چۆنیەتی تاوانەكە دەگۆڕێت، راستە لە هەندێك كەیسی كوشتن رەچاوی هەندێك حاڵەتی وەكو پێشینەی تاوانبار و لایەنی خێزانی دەكرێت، بەڵام بەگشتی دادگا ئەو سزایەی بۆ بكوژەكان دیاری دەكات تەواون و لەجێی خۆیەتی". بەڵام دەشڵێت :"نەبوونی سكاڵای مافی كەسی، سوڵح و تەنازول كاریگەرییان لەسەر كەمبوونەوەی سزای بكوژەكان هەیە، بەڵام داواكاری گشتی رۆڵی خۆی بینیوە، هەمیشە گوتوومانە هەڵەیەكی گەورەیە بە چاوی بەزەیی تەماشای بكوژی ژنان بكرێ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە