کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: ئەم ساڵ نزیکەی 9,000 خێزان لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە شنگال

22-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی لە کەمپەکانەوە بۆ شنگال و دەوروبەری بەردەوامە.
 
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "20 کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن و 15یان کەمپی ئاوارەکانی نێوخۆ و پێنجیش کەمپی پەنابەرانن".
 
14 کەمپ لە 20 کەمپەکە تایبەتن بە ئاوارەکانی شنگال و دەوروبەری. پیردەیان جەعفەر دەڵێت، ئێستا 22 هەزار و 431 خێزانی کوردی ئێزدی لە کەمپەکاندان.
 
لەبارەی گەڕانەوەی کوردانی ئیزدی بۆ زێدی خۆیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی، ئەم ساڵ لە رێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ناسراو بە IOMـەوە نزیکەی 9 هەزار خێزان لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
 
گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی لە کاتێکدایە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی بۆ قەرەبووی هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە، چوار ملیۆن دینار تەرخان دەکات.
 
لە ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری، جگە لە کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی، دەیان هەزاریان لێ ئاوارەبوو و روویان کردە هەرێمی کوردستان و زۆربەیان لە کەمپەکاندا نیشتەجێبوون.
 
لە هێرشی داعشدا کە 3ی ئابی 2014 بەڕێوەچوو، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ 3579 کەسیان رزگارکراون و ئەوانی دیکەش تاوەکو ئەمڕۆ بێسەروشوێنن.
 
لە تێکشکاندنی داعشدا هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەری هەبوو. لە شەڕی دژی ئەو رێکخراوە پەڕگیرەدا هەزار و 814 پێشمەرگە شەهیدبوون 10 هەزار و 725 پێشمەرگەش بریندار بوون، هەروەها تاوەکو ئەمڕۆش 44 پێشمەرگە بێسەروشوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە