لەسەر سکاڵای نوێنەری بەرهەم ساڵح رۆژنامەڤانێک لە سلێمانی دەستبەسەرکرا

22-09-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن بەهرۆز جەعفەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی سەرۆککۆماری عێراق، لە شاری سلێمانی رۆژنامەڤانێک دەستگیرکرا و نووسینگەی راگەیاندنی بەرهەم ساڵح دەڵێت "ئەو رۆژنامەنووسە لە نووسینەکانیدا وشەی نەشیاوی بەکارهێناوە و سوکایەتیی بە سەرۆککۆمار کردووە". سەنتەری میترۆش داوادەکات سەرۆککۆمار "سنگ فراوان بێت لەبەردەم نووسین".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، لە سلێمانی رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر، لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکرا.
 
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهرۆز جەعفەر ئەندامی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەڵام بەوپێیەی لە سلێمانی دەستبەسەرکراوە، تۆمەتەکەش ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنە بۆ سەرۆککۆماری عێراق، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکردنەکە یاساییە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بە کەفالەت ئازادی بکەین تاوەکو رۆژی دادگایی کە هەشت رۆژی دیکەیە".
 
کاروان ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، سکاڵاکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی لەسەری تۆمارکراوە، "خۆزەگە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەبوو"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵدەدەن بیگۆڕن بۆ یاسای کاری رۆژنامەوانی و دەشڵێت |ئەو وشانەی بەهرۆز بەکاریهێناون دوورن لە دونیای رۆژنامەگەری".
 
لەژێر ناونیشانی "نووسینێك لەسەر سەرۆككۆمار نووسەرێكی خستە زیندان" سەنتەری میترۆ، راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردووەتەوە و داوای لە سەرۆككۆمار کردووە "سنگی فراوان بێت لەبەردەم نووسین و تەنانەت بڵاوكردنەوەی هەندێک زانیاریی پشتنەبەستوو بە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار، چونكە دەرگای زانیاری هەموو كات ئاوەڵا نین بۆ نووسەران و رۆژنامەنووسان".
 
سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەکات "بوونی نووسەر، چالاكوان لە تەوقیفكردن [راگرتن] لەسەر پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان سایت و رۆژنامەكان، كارێكە بە خراپ دەشكێتەوە بۆ هەر كەس و سیستەمێك كە بانگەشە بۆ دیموكراسیەت و كرانەوە دەكەن".
 
هاوکات گۆران عەلی کەریم، رۆژنامەنووس لە نووسینگەی راگەیاندنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سکاڵاکە لەسەر یەک گوتار نەبووە، "بەهرۆز جەعفەر زنجیرە گوتارێکی هەیە، بەڵام ئێمە پێی ناڵێین گوتار، چونکە پڕە لە ناوزڕاندن و سووکایەتی، رەخنەگرتن ئەگەر بە زمانێکی دوور لە تەشهیر بێت و لە دەزگایەکی فەرمییەوە بێت، بەلای سەرۆککۆمارەوە شتێکی قبووڵکراوە و ئاساییە، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە لە ئەکاونتی خۆی و لە پەیجە "بێخاوەنەکان" گوتاری پڕ لە تەشهیر و سووکایەتی بڵاودەکاتەوە".
 
سەنتەری میترۆ دەڵێت، دۆسیەی رۆژنامەنووسان بەپێی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، لە حاڵەتی ساخبوونەوەی تۆمەت بەسەر رۆژنامەنووسدا لەسەر كاری رۆژنامەوانی، سزای دارایی (خەرامە)ی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەستبەجێ رۆژنامەنووس ئازاد دەكرێت، بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا پەنا دەبرێتە بەر یاسای ژمارە (111)ی ساڵی 1969، كە ماددەی (433)ی یاساكە باس لە ناوزڕاندن دەكات یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی، دەكەن.
 
راگرتنی بەهرۆز جەعفەر لەسەر گوتارێکی بووە کە لەژێر ناونیشانی "تا کەی سەرۆک کۆمار رۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت؟!" بڵاویکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.