رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆڕانی کەشوهەوا پلەی گەرمیی زەویی 1.5 پلە لە کاتی ئاسایی خۆی بەرزترکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زۆربوونی رووداوە سرووشتییەکانی وەکو ئاگرکەوتنەوە، وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە هەندێک شوێن و دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێنی دیکە.
وەکو رێگەیەکیش بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتەکانیان، تورکیا و ئێران دەستیان بە گلدانەوەی ئاو لەڕێگەی دروستکردنی بەنداو و گۆڕینی بەشێکی رێڕەوە ئاوییەکان کردووە؛ ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سرووشتی خاک، سامانی ماسی، دابەزینی ئاوی بەنداوەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ باشترکردنی ناوچە گەشتیارییەکان، پرۆژەیەکیان پێشکێشی حکومەت کردووە".
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە "دەبێت گەشتیاران لەکاتێکدا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن لەدوای خۆیان خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکانیان تێکەڵ بە خاکی ناوچەکە و سەرچاوە ئاوییەکانی نەکەن، چونکە ئەو رەفتارانە هۆکارن بۆ پیسکردنی ژینگە".
ئێستا کە جەژنە، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە هەرێمی کوردستانن، کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
ئەحمەد محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانی جەژن تێكڕا زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی هەندێک لە ناوچە گەشتیارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، بە چەند رێگەیەک کار بۆ خاوێن راگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
حیکمەت ئابێ، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئامێدی رایگەیاند، "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سنووری قەزای ئامێدی، لیژنەمان پێکهێناوە بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران؛ لیژنەکان لە هاوینەهەوارەکانی قەزای ئامێدی لە پێشوازیی گەشتیاراندا دەبن، بۆ ئەو شوێنانەی گەشتیار سەردانی دەکات تاوەکو بە پاکی بمێنێتەوە و تێکنەچێت، بۆئەوەی گەشتیاران کاتێکی خۆشی لێ بەسەربەرن".
گەشتیاران بە دیمەنە جوانەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵن، بەڵام باس لەوەش دەکەن، کاری زیاتر بۆ پاراستنی ژینگەکە پێویستە.
گەشتیارێک بەناوی عەلی نەوزاد گوتی، "خەڵک لەگەڵ ژینگەدا رانەهاتووە. شوێنەکان پاک نین، بەتایبەت ئەو گەنجانەی لە باشوورەوە هاتوون هەرچییەک دەخۆن پاشماوەکەی فڕێدەدەنە ئەو ناوە، بۆیە داواکارم خەڵک ناوچە گەشتیارییەکان بە پاکوخاوێنی رابگرن".
دەستەی گەشتوگوزار بۆ راكێشانی گەشتیاران خاوەنی پلانی ستراتیژییە و دەیەوێت ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2025دا بگەیێنێتە حەوت ملیۆن کەس، بەڵام دەکرێت گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر ئەو پلانەش هەبێت.


