کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر: کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی هەنگاوێکی گرنگە

22-05-2022
عەلی زەڵمی
رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، یەکگرتوویی کورد یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە "گرنگ" دەزانێت.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی ئایاری 2022، رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لە ئیڤێنتێکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتارێکی پێشکەشکرد و  رایگەیاند: "باوەڕمان وایە ئازادی رادەربڕین بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەبوونی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان دەوێت؛ لەسەر ئەو بنچینەیە دەستخۆشی لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بۆ هەنگاوەکانی ئەمدواییەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان و تەنانەت هەندێک لەو کۆبوونەوانەش ئەمڕۆ بەڕێوەدەچن".
 
کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بە هەنگاوێکی "گرنگ" دەزانێت و دەڵێت: "گرنگە چونکە یەکگرتوویی کورد یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەم لێرە لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە بەغدا".
 
رۆبەرت پاڵەدینۆ ئاماژە بەوەدەکات، کە دەبێت خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت.
 
سەبارەت بە دۆخی عێراق و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، رۆبەر پاڵەدینۆ دەڵێت، هانی هەموو پارتەکان دەدەن بۆ ئەوەی "زۆر بە خێرایی" حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن. 
 
رۆبەرت پاڵەدینۆ هەر لە ئیڤێنتەکەدا ئاماژەی بە رۆڵی میدیا لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ژمارەیەکی زۆر میدیا لێرە دەبینم کە نوێنەرایەتی زۆر پارتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خۆشحاڵم لێرە هەمووتان پێکەوە دەبینم و ئەمەش ئەو شتەیە، کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت و ئەمەش گرنگە".
 
بۆ لێکنزیککردنەوەی حیزبە کوردستانییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد، دوای بەشداریکردنی لە خولێکی دەرچووان لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتوو کۆبووەوە. هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵ، گۆڕان و پارتیش کۆببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمى یادى 100 ساڵەى دامەزراندنى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

سوودانى: وەزارەتى دەرەوە راسپێردراوە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانى ئیسرائیل لەسەر عێراق بکات

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، "رژێمى زایۆنى بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە و ئەوەش وایکرد، ئێمەش جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوەش کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەکەى زایۆنى بکات."