ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنە 21٪ زیادی کردووە

22-04-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری کاروباری بازرگانی و گەشەپێدانی بازرگانیی پاریزگای سنە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە پارێزگاکە 21٪ زیادی کردووە.
 
تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری بازرگانی و گەشەپێدانی بازرگانیی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە 21-3-2024 تاوەکو 21-3-2025، بە بەهای شەش ملیار و 659 ملیۆن دۆلار شتومەک ئاڵوگۆڕ کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر لە رووی کێش 30٪ و لە رووی نرخەوە 21٪ زیادی کردووە".
 
تەها سەمیعی گوتی: "بە بەهای 846 ملیۆن دۆلار شتومەک لە دەروازەکانی سنە هەناردە کراون".
 
دەربارەی کاڵای هاوردە تەها سەمیعی رایگەیاند: "بە بەهای 202 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە سنوورەکانی پارێزگاکە هاوردە کراوە، رێژەی هاوردە کردنیش لەو سنوورانەوە لە رووی کێش 23٪ و لە رووی نرخەوە 44٪ زیادی کردووە".
 
تەها سەمیعی ئاماژەی بەوەشکرد؛ گرنگترین ئەو کاڵایانەی لە سنوورەکانی پارێزگای سنە هەناردەکراون بریتی بوون لە تراکتۆر، کەرستەی کشتوکاڵی، میوە، شیرەمەنی و پلاستیک بووە کە بۆ وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان و سووریا نێردراوە.
 
لەبارەی هاوردەی پارێزگاکە سەمیعی گوتی: "گرنگترین ئەو کاڵایانە کە هاوردە کراون بریتی بوون لە زێڕ، ئەلەمینیۆم، پاشماوەی پلاستیک و ئەلەمینیوم و کۆمەڵێک کاڵای دیکە بوون".
 
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دوو دەروازەی سنووریش لە نێوانیاندا هەن، ئەوانیش باشماخ و سەیرانبەنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە