رووداو دیجیتاڵ
شوێنەوارناسان لە ناوچەی چاڵدێرانی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی شوێنە ماوەکانی کۆشکی هاوینە و نیشتەجێبوونی هۆلاکۆ خان، فەرمانڕەوای ئیلخانییەکان بەردەوامن و ئامانج ئەوەیە یارمەتیدەر بن لە گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری و ناساندنی زیاتری ناوچەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
دکتۆر ئەحمەد تاشاغڵ، مێژوونووس لە پارێزگای وان دەڵێ: "هەوڵەکانمان زانیاریی زۆر گرنگ لەسەر دەسەڵاتی سەردەمی ئیلخانییەکان لە ناوچەکە دەخەنەڕوو. ئەم دەستکەوتە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتنی باشتر لە مێژووی وان و بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووریی پارێزگاکە".
ئەحمەد تاشاغڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر شوێنەوارە مێژووییەکان بە دروستی و بە شێوازێکی زانستی بپارێزرێن و بناسێنرێن، ناوچەی چاڵدێران و پارێزگای وان دەبنە ناوەندێکی گەورەی توێژەران و گەشتیارانی خولیای مێژووی سەردەمی ئیلخانی.
ئەو مێژوونووسە باس لەوە دەکاتم دەرکەوتنەوەی ئەم میراتە مێژووییە هاوبەشە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەهێزکردنی گەشتوگوزاری کولتووری لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.
هۆلاکۆ خان، نەوەی جەنگیز خان (دامەزرێنەر و فەرمانڕەوای ئیمپڕاتۆریەتیی مەنگۆلی) و دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ئیلخانییەکان بوو، کە لە ساڵانی 1256 بۆ 1335ـی زایینی ناوچەیەکی بەربڵاوی رۆژئاوای ئاسیا لە ژێر دەسەڵاتیدا بوو.
ناوچەی چاڵدێران لە بەهۆی کەشوهەوا و سرووشتەکەیەوە وەک ناوچەیەکی هاوینە و بنکەیەکی سەربازی لەلایەن فەرمانڕەوایانی ئیلخانییەوە بەکارهێندراوە.
لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان لەم ناوچەیەدا ماوەیەکە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی شوێنی کۆشک و شوێنەوارەکانی سەردەمی ئیلخانییەکان.




