رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی بیسمیلی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، هەشت کەس بەهۆی ژەهراوی بوون رەوانەی نەخۆشخانە کران.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026 روویدا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو هەشت کەسە کە ژنێک و حەوت منداڵن بۆ سەردانی باپیریان چوونەتە گوندێکی سنوورەکە و دوای ئەوەی لە مارکێتێکی سەر رێگە، بسکیتیان کڕیوە و خواردوویانە، تەندروستییان تێکچووە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمە تەندروستییەکان چوونە شوێنەکە و هەر هەشت کەسەکەیان بۆ نەخۆشخانەی لە بیسمیل گواستەوە.
شەش کەس لەوان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کرانەوە، بەڵام دوو کەسیان تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
هێزەکانی جەندەرمە، پۆلیس و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شارۆچکەکە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ پشکنینی ئەو خواردەمەنییانەی لە مارکێتەکەدا فرۆشراون و دڵنیابوونەوە لە هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونەکە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 206 کەس بەهۆی خواردنەوە ژەهراویبوون و 119 کەسیان لە قوتابخانەکاندا بوون.



